سه‌ركرده‌ سیاسییه‌‌كانی عێراق به‌شداری له‌ پرسه‌ی خوشكی سه‌رۆك بارزانیدا ده‌كه‌ن

محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌ره‌خۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌كات
محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌ره‌خۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی ده‌كات

K24 - هەولێر:

ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ سوننه‌ و شیعه‌كانی عێراق بۆ ده‌ربڕینی هاوخه‌می گه‌یشتنه‌ هه‌ولێر و به‌شداری له‌ پرسه‌ی خوشكی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 24ـی شوباتی 2024) هه‌ر یه‌ك له‌ محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی حزبی ته‌قه‌دوم، ئوسامه‌ نوجه‌یفی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی رزگاری و گه‌شه‌پێدان و (سه‌ركرده‌ی دیاری سوننه‌ی عێراق) و عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ له‌ پیرمام به‌شدارییان له‌ پرسه‌ی خاتوو (زه‌كیا مه‌لا مسته‌فا بارزانی) خوشكی سه‌رۆك بارزانی كرد و پرسه‌ و هاوخه‌می خۆیان گه‌یانده‌ سه‌رۆك بارزانی.

دوێنێ (هەیینی 23ـی شوباتی 2024) دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، زەکیا مەلا مستەفا بارزانی، خوشکی سەرۆک بارزانی لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد.

بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پرسەی خوشکی سەرۆک بارزانی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە كاتژمێر 10:00 تاوەکو 12:00ـی پێشنیوەڕۆ و ئێوارانیش كاتژمێر 02:00 تاوەکو 05:00ـی ئێوارە لە هۆڵی تەشریفاتی بارەگای بارزانی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت.

هەر بەبۆنەی کۆچی دوایی خوشکییەوە؛ هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان بە سەرۆک بارزانی راگەیاند.