شاندێکی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست دەچێتە قەتەر

خۆپیشاندانی کەسوکاری رفێندراوە ئیسرائیلییەکان - تەلئەڤیڤ
خۆپیشاندانی کەسوکاری رفێندراوە ئیسرائیلییەکان - تەلئەڤیڤ

K24 – هەولێر

ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل رەزامەندیدا، شاندێکی دانووستانکار بەم نزیکانە بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە رفێندراوەکانی دەستی چەکدارانی حەماس بچێتە قەتەر.

زاخی هەنگبی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە کەناڵ 12ی وڵاتەکەی راگەیاندووە، شاندی دانووستانکار لە پاریس گەڕاوەتەوە و دەرفەتێک هەیە بۆ گەیشتنە رێککەوتن، شاندەکە ناوەڕۆکی دانووستانەکانی پاریس لەگەڵ ئەنجومەنی جەنگ باس دەکات.

درەنگارنی شەوی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی جەنگ و شاندە گەڕاوەکەی پاریس بە سەرۆکایەتی، دەڤید بەرنیاع سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، ئەنجومەنەکە رەزامەندیدا لەسەر ناردنی شاندێک بۆ قەتەر لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ دانووستان لە سەر رێککەوتنی ئاگربەستێکی چەند هەفتەیی لە پێناو ئازادکردنی بارمتەکان و ئاڵوگۆڕ پێکردنیان لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکانی دەستی ئیسرائیل.

ئیسرائیل داوای ئازادکردنی تەواوی بارمتە رفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەکات، راویژکارەکەی بنیامین ناتانیاهۆش دەڵێ"رێککەوتنێکی لەمجۆرە مانای کۆتایی هاتنی شەڕ نییە".

لەلایەن خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەست داوای راگرتنی شەڕ و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە و هەڵگرنی گەمارۆکانی سەر کەرتەکە دەکات، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرج و داواکارییەکانی حەماسی رەتکردووەتەوە، سوورە لە سەر بەردەوامیدان بە شەڕ و هێرشەکان تاوەکوو سەرکەوتنی تەواو پاشگەز نابێتەوە.

کەسوکاری رفێندراوە ئیسرائیلییەکان جارێکی دیکە لە گۆڕەپانی رفێندراوانت تەلئەڤیڤ و چەند شوێنێکی دیکە گردبوونەوە بۆ فشارخستنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی پەلە بکات لە ئازادکردنی رفێندراوان، بەڵام بەهۆی روودانی توندوتیژییەوە لە بەردەم بارەگای سوپا لە تەلئەڤیڤ، پۆلیس 18 خۆپیشاندەری دەستبەسەرکردووە.چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە (7ی تشرینی دووەمی 2023) بە چەند شێوازێکی جیاواز و لە چەند لایەکەوە هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل، کە بە رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر ناسراوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 1160 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران، لە نێویاندا 700 کەسیان مەدەنی بوون، کە 36 لە قوربانییەکان منداڵ و 70 کەسی دیکەشیان خەڵکی بیانی بوون.

هەروەها 250 کەسیان بە بارمتە رفاند، لە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی 2023 بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا ئاگربەستێکی کاتی بۆ هەفتەیەک راگەیەندراو زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلی بەرانبەر بە 240 زیندانی فەڵەستنی ئازادکران، بەڵام بە گوێرەی ئامارێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 132 رفێندراو لە ژێر دەستی چەکدارانی حەماس ماون و بەهۆی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە لانیکەم 29 کەس لە رفێندراوەکان کوژراون.

لە کاردانەوەی هێرشەکەی حەماس و هەوڵەکانی رزگارکردنی بارمتەکان، سوپای ئیسرائیل لە (17ی تشرینی یەکەمی 2023) هێرشی سەر کەرتی غەززەی کرد، بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین تاوەکو ئێستا زیاتر لە 29هەزارو 606 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 69 هەزار و 737 کەسیش برینداربوون ، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.