ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی 18 بارەگای حووسیەکانیان بۆردوومان کرد

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، بەهاوبەشی هیزەکانی بەریتانیا و پشتیوانی هەریەکە لە کەنەدا، بەحرەین، ئوستڕاڵیا، هۆڵندا و نیوزیلاند 18 پێگەی حووسیەکانی نزیک لە ئێرانیان لەناو خاکی یەمەن بۆردوومان کردووە.

بەگوتەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم): "ئەو پێگانەی حووسیەکان کە بۆردوومانکراون بەکارهێنەراون بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەدەریای سوور".

ئاشکراشیدەکات، لە هێرشەکەی ئەمجارەیاندا کۆگەی چەکی حووسیەکانیان لەژێر زەوی خاپوورکردووە، ئەوە سەرباری لەناوبردنی کۆگەی مووشەک و درۆنی ئەو گروپە.

سوپای ئەمەریکا ئێران بە پشتیوانیکردنی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن تۆمەتبار دەکات و رایگەیاندووە، بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ کەشتییە بازرگانیی و هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

لە 19 تشرینی دووەمی ساڵی 2023، چەکدارە حوسییەکانی یەمەن، لە دەریای سوور و دەریای عەرەب وەک پشتیوانییەک بۆ چەکدارانی حەماس و دروستکردنی فشارێکی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەستپێکردووە، لە بەرانبەردا هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سوور لە 12ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە پێگە و پشتیوانییە لۆجستییەکانی چەکدارانی حوسی دەکەنە ئامانج.