سوناک داوا دەکات پارە بلۆککراوەکانی رووسیا بە ئۆکرانیا بدرێت

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا وەک سزایەک پارە بلۆککراوەکانی رووسیا بدەن بە ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە رۆژنامەی سەندەی تایمز رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر توندبن لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەت و سامانانەی رووسیا کە دوای لەشکرکێشی سەرتاسەری بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022دا بلۆککرا.

لەو گوتارەدا کە سوناک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا و رووسیادا تێدەپەڕێت، هەروەها ئۆکرانیا هێشتا پێویستی بە چەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی زیاترە، لەگەڵ هاوکاریی دیکەش".

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دەبێت بوێرتر بین لە لێدانی ئابووری جەنگی رووسیا لە دەستبەسەرداگرتنی سەدان ملیار لە سەروەت و سامانی بەستووی رووسیا".

مانگی رابردوو دۆمینیک جۆنسن، وەزیری وەبەرهێنانی بەریتانیا لەگەڵ والی ئادێیمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبوونەوە و تاوتوێی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیایان کرد، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت ئەو کارە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێت.

یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا، ژاپۆن و کەنەدا لە ساڵی 2022 کاتێک رووسیا ئۆکرانیای داگیرکرد، نزیکەی 300 ملیار دۆلار سەروەت و سامانی بانکی ناوەندی رووسیایان بلۆککرد.

لای خۆیەوە، گروپی حەوت ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان وەک رێگەیەک بۆ ئەوەی رووسیا پارەی ئەو زیانانە بدات کە بەهۆی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووە. لای خۆیەوە، سوناک داوای لە ئەمەریکاش کرد بەردەوام بێت لە پاڵپشتی دارایی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا.

راشیگەیاند، "نابێت هەرگیز ئەو کارانەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و بۆ ئاسایشی یۆرۆ ئەتڵەسی کردوویەتی بە کەم سەیر بکەین، داوایان لێدەکەم بەردەوام بن لەم پشتیوانییە".

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا هاوکارییەکانی بە بەهای 245 ملیۆن پاوەند (نزیکەی 311 ملیۆن دۆلار) بۆ دابینکردنی پارەی تەقەمەنی تۆپخانەی ئۆکرانیا راگەیاند.