مامۆستایەکی زانکۆی جۆرج واشنتن کتێبێک لەبارەی رۆژئاوای کوردستان دەنووسێت

چەکدارێکی هەسەدە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان
چەکدارێکی هەسەدە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان

K24 - هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆیەکی ئەمەریکا کتێبێکی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان نووسیوە. شرۆڤەکارانی سیاسیش بەباشی نازانن ئیدارەی بایدن هێزەکانی لە سووریا و رۆژائاوی کوردستان بکشێنێتەوە.

ئەگەرچی جار و بار باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا دەکرێت، بەڵام ئیدارەی واشنتن ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەوێن. شرۆڤەکارانیش بەباشی نازانن ئیدارەی بایدن هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە.

ئێستا ئەمەریکا لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی داعش زیاتر لە 900 سەربازی لە سووریا هەیە کە زۆرینەیان لەو بنکە سەربازیانەن کە دەکەونە رۆژئاوای کوردستان.

"دەوڵەتی رزگاربووان؛ دروستکردنی هەرێمی نیمچە خۆبەڕێوەبەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا"، ناوی کتێبێکی مامۆستایەکی زانکۆی جۆرج واشنتنە لە ئەمەریکا. کتێبەکە کاری لێکۆڵینەوەی مەیدانی و مێژوویی حەفت ساڵ کاردنی ئێمی ئۆستن-ە، کە لە سەردەمی شەڕی داعش و دواتر نووسیویەتی.

دکتۆر ئێمی ئۆستن، مامۆستای زانکۆی جۆرج واشنتن لەبارەی کتێبکەییەوە دەڵێت، "شیکاریم بۆ دامەزراوە مەدەنییەکانی هەرێمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کردووە، لەوانە قوتابخانەکان کە بە زمانی کوردی و ئارامی دەخوێنن. هەروەها باسم لە هەسەدە، سیستەمی ئابووری و ستراتیژی پێدانی دەسەڵات بە ژنە رزگاربووەکانی دەستی داعش و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت کردووە و بەراوردم کردووە بە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد و ئەو ناوچانەش لەلایەن تورکیاوە داگیرکراون وەک ئیدلب."

گەورەترین پاڵپشتی بۆ دروستکردنی هەرێمی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانە. ئەگەرچی جار و بار باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا دەکرێت، بەڵام ئیدارەی واشنتن ئەوە رەتدەکاتەوە و ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکاش کە پێشتر کاریان لەسەر سووریا کردووە بە باشی نازانن وڵاتەکەیان لە سووریا بکشێتەوە.

ویلیام رۆبووک، راوێژکاری باڵای باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە سووریا ئاماژە بەوە دەدات، "پێموانییە ئێستا هیچ پلانێک هەبێت ئەمەریکا سووریا جێبهێڵێت. ئیدارەی بایدن دەیەوێت هێزەکانی لەوێ بمێننەوە. لەو بڕوایەدانیم بیانەوێت لە وڵاتێک یان لە هەرێمێک بکشێنەوە هاوشێوەی ئەوەی لە ئەفغانستان کردیان. من هیچ بارودۆخێکی کورتخایەن یان مامناوەند بۆ کشانەوە نابینم. پێشم وایە ئەوان ئەوە دەزانن کە لە بەرژەوەندی ئەوانە بەردەوام بن لە شەڕکردن دژی داعش."

ئەمەریکا لە سووریا زیاتر لە 900 سەربازی هەیە کە زۆربەیان لە رۆژئاوای کوردستانن و ئەرکیان شەڕکردن دژی داعش و یارمەتی پێشکەش بە هێزە لۆکاڵییەکان دەکەن.

ماوەی چەند ساڵێکە رۆژئاوای کوردستان خۆی وەک هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری ناساندووە؛ بەڵام تەنانەت بەرپرسانی هەرێمەکە ئەو مەترسییانە ناشارنەوە کە بە رۆیشتنی هێزەکانی ئەمەریکا، هەرێمەکەش دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.