مۆزه‌خانه‌ی قەڵای والی مێژووی دەسەڵاتی میرە کوردییەکان دەخاتەڕوو

قەڵای والی له‌ پارێزگای ئیلامە و مێژووەکەی زیاتر لە 120 ساڵە

K24 - هەولێر

قەڵای والی یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەکەوێتە سەنتەری شاری ئیلام. قەڵاکە زیاتر لە 120 ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی غوڵامڕەزاخانی فەیلی دروستکراوە و چەند ساڵێکە کراوەتە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە ناساندنی کولتوور و کەلەپووری دانیشتوانی پارێزگاکە.

شوێنەوارێکی بەجێماو لە سەردەمی حوکمرانیی میرانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان (قەڵای والی)ـە، نزیکەی 120 ساڵ لەمەوبەر بە فەرمانی غوڵامڕەزاخانی فەیلی لە گەڕەکێک بە ناوی حسێن ئاوای فەیلی دروستکراوە و زیاتر لە 25 ساڵ شوێنی ژیان و حوکمرانیی والیی ئیلام بووە.

بەهۆی جەنگی ئێران و عێراقەوە بەشێکی  قەڵاکە وێران بوو، بەڵام لە ساڵی 1988 و کۆتایی جەنگ دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەیی و لە ماوەی دوو ساڵدا نۆژەنکرایەوە و بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوارو کەلەپووری پارێزگای ئیلام سپێرایە، وەک شوێنەوارێکی مێژوویی، بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا کرایەوە.

عەلی محەمەدی، گەشتیاری خەڵکی شاری شێروانە لە پارێزگای ئیلام دەڵێ:

"ئەم شوێنە یەكێکە لە شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی ئیلامە، وەک ئەوەی لە ناوەکەیەوە دیارە والی ئەو کەسایەتییە بووە، کە سەردەمی خۆی دەسەڵاتی بە سەر ناوچەکەدا هەبووە، لە راستیدا قەڵایەکی زۆر سەربجڕاكێشە، هەرچەندە خەڵکی شاری ئیلامم بەڵام ئەمە یەکەمجارە دیمە سەردانی ئەم قەڵا دێرینە، بە تایبەت ئەو بەشەی جلوبەرگی رەسەن و کۆنی ناوچەکەی تێدا نمایشکراوە، بۆ ئەوەی هەموو مێژووی خۆمان بزانین و رەسەنایەتی خۆمان فەرامۆش نەکەین".

 ئەم کۆشکە مێژووییە، کە ئێستا کەوتووەتە ناو شاری ئیلام. لە ساڵی 2005ـەوە کراوەتە مۆزەخانەیەکی کەلەپووری بۆ نمایشی کولتوور و کەلەپووری دانیشتوانی پارێزگای ئیلام. قەڵاکە سێ دەرگای چوونە ژوورەوەی هەیە و لە 22 ژوور هۆڵێکی گەورە و شەش ژووری ژێرزەمین پێکهاتووە. لە هەرکام لەم ژوورانە بەشێک لە دابونەریت، رێوڕەسمەکان، جلوبەرگ، کولتوور و کەلەپوور، ئامێرەکان و کەلوپەلی ژیانی خەڵکانی لەک، لوڕ و کەلهووری دانیشتووی ئیلام خراونەتە بەر چاوی گەشتیاران.

عەلی یونسی، دانیشتووی ئیلام دەڵێ:

"ئەم قەڵایە، کە بە قەڵای والی ناسراوە بۆ دوایین سەردەمی دەسەڵاتی قاچاڕییەکان دەگەڕێتەوە، کە محەمەد عەلی قاچاڕبووە، قەڵاکە لە سەر فەرمان و دەستی غوڵامڕەزا خان بنیادنراوە، مێژووەکەی بۆ نزیکەی 120 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، شوێنی حەوانەوەی والی و خانەوادەکەی بووە، جیا لەمەش کاروبارەکانی ئیدارەدان و حوکمڕانی لێرەوە بەڕێوەبردووە، بەڵام شەش مانگی یەکەمی ساڵ لێرە ماوەتەوە، شەش مانگی دووەمی ساڵیش، والی بەرەو گەرمەسێر کۆچی کردووە"

قەڵای والی لە سەر رووبەری 4687 مەتر دووجا دروستکراوە. 1466 مەتر دووجای کراوەتە قەڵا و 1363 مەتریش حەوشەی ناوخۆیی قەڵاکەیە، هەروەها 1792 مەتریش لە لای باشووری قەڵاکەوە کراوەتە باخچە و سەوزایی. مۆزەخانەی قەڵای والی یەکێکە لە گەورەترین مۆزەخانەکانی تایبەت بە کولتوور و کەلەپووری کوردان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ساڵانە هەزاران گەشتیار لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەردانی دەکەن.