دادگای فیدراڵی نەیهێشت ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی رێگریان کرد لەوەی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت. پێشبینیش دەکرێت هەڵبژاردنەکە دوای چوار مانگی دیکە بکرێت.

ئەگەر بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق و دواخستنی دانیشتنە یەک لە دوا یەکەکانی دادگاکە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نەبوونایە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-02-2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچوو.

هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکردبوو؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی دادگاکە 11 جار بڕیاردانی لەبارەی ئەو سکاڵایەی دژی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان تۆمارکرابوو، دواخست؛ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق نەیتوانی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە رۆژی 25ـی شوباتی 2024 تەواو بکات.  

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکرد، بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بکات، چونکە دەیانگوت، هەر بڕیارێکی دادگاکە کاریگەری لەسەر ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵىژاردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت. بۆیە لە نووسراوێکی فەرمیدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانییان لەوە ئاگادارکردەوە کە ناتوانن رۆژی 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن. 

سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرابوون.

لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە، ئامانج لە دواخستنی بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا تەنها ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بووە، چونکە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان ترسییان لە هەڵبژاردنەکە هەیە.

12 دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان

رۆژی 06ـی ئابی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ جاری یەکەم لەبارەی ئەو سکاڵایەی لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو کۆبووەوە، بەڵام داوای کرد کۆمیسیۆنی عێراق زانیاریی زیاتر لەبارەی هەڵبژاردنەکە پێی بدات، بۆیە کۆبوونەوەکەی بۆ رۆژی 03ـی ئەیلوولی 2023 دواخست.

رۆژی 03ـی ئەیلوولی 2023 دادگاکە بۆ جاری دووەم بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە کۆبووەوە، بەڵام جارێکی دیکە بڕیاردانی سکاڵاکە بۆ رۆژی 24ـی هەمان مانگ دواخست.

لە ماوەی نێوان ئۆکتۆبەری 2023 بۆ کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ؛ پێنج دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوون، بەڵام هەر جارەو بە بیانوویەک دانیشتنەکان دواخران.

لە ساڵی 2024ـیش، دادگاکە چوار جار لەبارەی هەمان سکاڵا کۆبووەوە؛ دوایین جار رۆژی 21ـی 02ـی 2024 بوو کە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسی کۆتاکان و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بۆ 100 کورسی کەمکردووە. هاوکات هەرێمی کوردستان بەسەر "لانیکەم چوار بازنەی هەڵبژاردندا" دابەشکرد.  

وادەی نوێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24؛ هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت. بە گوێرەی زانیارییەکان، هەڵبژاردنەکە لە سەرەتا تا ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵ (حوزەیران) ئەنجام دەدرێت.

رۆژی سێشەممەی رابردووش، 20-02-2024، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە، بەڵام هیچ وادەیەکی نوێیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکرد.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراێکدا ئەوەی خستەڕوو،"سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیيی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەییيانە دەربڕی.