لە هەولێر پێشانگایەک بۆ قوتابیە نموونەییەکانی فاخیر مێرگەسۆری کرایەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، سێیەمین پێشانگای هاوبەشی قوتابیانی شەهید فاخیر مێرگەسۆری ناحکومی کرایەوە، کە بە دەیان تابلۆی رەنگاو رەنگ لە گەلەریی میدیا بە بەشداری 15 قوتابی ئارەزوومەندی هونەری شێوەکاری نمایش کران.

لە پێشانگا هونەرییەکەدا، خامەی رەنگاو رەنگیان تێکەڵ بە سروشت و جوانی و ئاوەدانی کوردستان کردووە، هەروەها بەشێک لەو تابلۆیانە بریتی بوو لە گێڕانەوەی داستانێکی نەتەوەی کورد و رۆڵی ئەو کەسایەتیە رۆشنبیر و خەباتگێڕ و ئەو ئافرەتە بوێرانەی، کە تەمەنی خۆیان پێشکەش بە خزمەتی دۆزی کورد کردووە.

سارا ئەحمەد وەک قوتابیەکی بەشدار لە پێشانگاکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشانگا هاوبەشەکەمان نیشاندانی ئەو داهێنانەیە، کە وەک قوتابیەک سێیەمین وەرزە کار بۆ دەرخستن و نیشاندانی سەلیقەی جوانی خۆمان دەکەین و دەمانەوێ لە رێگەی تابلۆکانەوە بە ئامادەبووان بڵێین ئێمە نەوەیەکی هونەردۆستین و لە رێگەی تابلۆکانیشمانەوە جوانیەکانی کوردستان و سروشتە دڵڕفێنەکەی بە خەڵک ئاشنا دەکەین.

ئەم پێشانگایە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەشی شێوەکاری گەلەریی میدیا ساڵانە دەکرێتەوە و توانا و داهێنانی ئارەزوومەندانی هونەری شێوەکاری نیشانی ئامادەبووانی پێشانگاکە دەدات.

 

تابلۆکانی پێشانگاکە
تابلۆکانی پێشانگاکە
تابلۆکانی پێشانگاکە
تابلۆکانی پێشانگاکە
تابلۆکانی پێشانگاکە
تابلۆکانی پێشانگاکە
تابلۆکانی پێشانگاکە
تابلۆکانی پێشانگاکە