غەلای: تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت

جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق
جومانه‌ غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-02-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24 راگەیاند، پرۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

بە گوتەی غەلای، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیکردووە بە دابەشکردنی کارتی دەنگدەران، تاوەکوو (22ی شوباتی 2024)؛ دوو هەزار و 347 کارتی بایۆمەتری بە دەنگدەران دراوەتەوە و پرۆسەی دابەشکردنەوەی کارتەکانی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت.

هەروەها لەبارەی پرۆسەی نوێکردنەوە و تۆمارکردنی کارتی بایۆمەتری، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان عێراق ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

غەلای ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکوو 21ی ئەم مانگە 58 هەزار و 200 دەنگدەر تۆمارکراون، بەگوێرەی دوا ئامارەکانی بەردەست کۆی دەنگدەرانی تۆمارکراو دوو ملیۆن  300 هەزار و 42 دەنگدەرن، لە کۆی سێ ملیۆن و 739 دەنگدەر مافی بەشداریکردنی هەڵبژاردن و دەنگدانیان هەیە.