حهیدهر عهبادی: نابێت کێشە و پێویستییەکانی خەڵک بە سیاسیی بکرێن
K24 - هەولێر:
سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر رایدەگەیەنێت، نابێت کێشە و پێویستییەکانی خەڵک بە سیاسیی بکرێن و پێویسته هاووڵاتییان لە هەر کوێیەکی عێراق بن بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
حەیدەر عەبادی بۆ كوردستان24 دەشڵێت، مامەڵەکردن بە شێوازێکی دیاریکراو لەگەڵ هاووڵاتییدا، نائاسوودەی دروستدەکات و پێویستە بارگرانی ناکۆکییە سیاسییەکان نەخرێتە ئەستۆی هاووڵاتییانەوە.
عهبادی ههروهها گوتی: "دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی هەیە، ئێمە هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە، پێویستییەکانی خەڵک بە سیاسیی نەکرێن، چونکە هاووڵاتیی لە هەر کوێیەک بێت عێراقییە".
ئهوهشی خستهڕوو، نابێت ناکۆكییە سیاسییەکان رەنگدانەوەیان لەسەر هاووڵاتی هەبێت، چونکە ئەو هیچ سووچ و تاوانێکی نییە.
ئاماژهی بهوهشكرد، ناکۆکی نێوان پارت و سەرکردەکان، بەرهەمی دەستی هاووڵاتیی نییە. من داوا دەکەم تێڕوانینێکی راستەقینە هەبێت، لە دژی هاووڵاتی نەوەستینەوە و و بارگرانی ناکۆکییە سیاسییەکان نەخرێتە ئەستۆی هاووڵاتییانەوە.