حەیده‌ر قوڕه‌یشی: ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق هەیە

حەیدەر قوڕەیشی، ئەندامی تیمی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی
حەیدەر قوڕەیشی، ئەندامی تیمی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی تیمی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، رایدەگەیەنێت، ماددە هۆشبەرەکان زۆر بە ئاسانی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە دەهێندرێنە عێراق، هاوکات لە زۆرینەی دەروازەکاندا ئامێر بۆ پشکینی ماددەی هۆشبەر نییە.

حەیده‌ر قوڕه‌یشی، ئەندامی تیمی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ستراتیژییەکی نیشتمانیمان لە عێراق هەیە، لەلایەن راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە داندراوە، ئەم ستراتیژییەتە لەمساڵەوە دەستیپێکردووە تا ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت.

ئەو ئەندامەی تیمی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان، دەڵێت: زۆرینەی ماددەی هۆشبەرەکان لە وڵاتانی ئێران، سووریا و لوبنان دەهێندرێنە عێراق، هەروەها لە عێراقیش بەشێکی دەچێتە وڵاتانی کەنداو و تورکیا، بەداخەوە لە بەشێك لە دەروازە سنوورییەکان ئامێر بۆ پشکینی ماددەی هۆشبەر نییە  و زۆرینەی ئەو ئامێرانەی کە لەبەر دەستی ئێمەدان لەکارکەوتوون.

حەیده‌ر قوڕه‌یشی، ئاماژەی بەوەدا، تێبینی ئەوە کراوە ماددە هۆشبەرەکان زۆر بە ئاسانی لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەهێندرێنە عێراقەوە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئەزموون وەربگرێت لە شارەزا نێودەوڵەتییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە تایبەتی ئەزموونی کۆڵۆمبیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە لەم چەند ساڵەی دواییدا، عێراق کراوە بە شوێنی ساخکردنەوەی ماددەی هۆشبەری وڵاتانی دیکە، ژمارەی بازرگان و بەکارهێنەرانی ئەو ماددانە تادێت زیاتر دەبێت و خەریکە لە کۆنتڕۆڵی حکومەت دەردەچێت.

دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەریدەخەن، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 1200 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بە قاچا‌غ هاوردەی نێو خاکی عێراق کراون و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس لە بازرگان و بەکارهێنەران دەستگیرکراون، کە زۆرینەیان تەمەنییان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، ماددەی کریستاڵ و حەشیش و حەبی کەپتاگۆن زۆرترین بەکارهێنەریان لە عێراقدا هەیە، کە نرخی هەر گرامێک لە کریستاڵ بەنزیکەی 90 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە. ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای دەکەن، ئێران بە پلەی یەکەم و ئەفغانستان بە پلەی دووەم و سووریا و لوبنانیش بە پلەی سێیەم و چوارەم، بە سەرچاوەی سەرەکی جۆرەکانی ماددەی هۆشبەرن کە بە قاچاغ لێیانەوە دەهێندرێتە عێراق.