ئەردۆغان: جەهەپە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی لە تورکیا لاواز کردووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپاتی
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپاتی

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپاتی بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و دەڵێت: بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانییەوە بووەتە هۆی لاوازکردنی ئۆپۆزیسیۆن و بە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ قەندیلیش تۆمەتباری دەکات.

رۆژی یەکشەممە (25ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپاتی لە پارێزگای ئەدەنە رایگەیاند، ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بەهۆی ململانێییە نێوخۆییەکان و کێشمەکێشەکانی نێو حزب، ناتوانن سەرنجی خۆیان بخەنە سەربابەتەکانی دیکە و  گوتیشی، ئیدارەی جەهەپە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتەی بەلاوەناوە و لەکاری خستووە.

ئەردۆغان گوتی:"ئۆپۆزیسیۆن بەهۆی ململانێییە نێوخۆییەکان و کێشمەکێشەکانی نێو حزب ناتوانن سەرنجی خۆیان بخەنە سەربابەتەکانی دیکە. هەوڵی ئەوە دەدەن لە رێگەی رێککەوتنی گوماناوی هەڵبژاردن ببەنەوە. دەیانەوێت خەڵک ناچاریان بێت و دەنگیان پێبدات، بەڵام من باوەڕم وایە خەڵک دەیانکات بە پەند. ئیدارەی جەهەپە هێز ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتەی بەلاوەناوە و لە کاری خستووە".

رۆژی پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گردبوونەوەی پارتەکەیدا لە شاری بالیکێسیر رایگەیاند، جەهەپە درێژە بە هاوپەیمانیەتی نهێنی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەدات، ئەمجارەیان لەگەڵ دەم پارتی و قەندیلە، هەروەها ئاشکرای کرد کە دۆخی جەهەپە ئاڵۆزە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد: "دۆخی جەهەپە زۆر ئاڵۆزە. لە راستیدا من بۆ لایەنگرانی ئەو حزبە قسە دەکەم، بەرنامەی جەهەپە بۆ ئەم وڵات و میللـەتە نییە. لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هاوپەیمانییەکی نهێنی لەگەڵ قەندیل کرد، ئەمجارەیان بوو بە یاری دەستی دەم پارتی. بە ناوی سیاسەتی دامەزراندنەوە، دیسان هاوپەیمانی لەگەڵ قەندیل کردووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە جەهەپە هیچ هاوبەشییەکی لەگەڵ ئەم میللـەتەدا نییە".

ئەردۆغان لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ساڵی رابردوو کە سەرکەوتنی بەسەر جەهەپەدا تۆمارکرد، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش تۆڵەی شکستەکەی هەڵبژاردنی رابردوو بکاتەوە لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە کە سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئەو دوو شارە گەورە و گرنگەی بۆ کاندیدانی جەهەپە لەدەستدابوو.

رۆژی (8ـی شوباتی 2024) رەجب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئێمە وەک جەهەپە لە دیوی پشتی دەرگاکان لەگەڵ دەم پارتی 'درێژکراوەی رێکخراوی جوداخواز' دانانیشن، بەڵکو وەک هاوپەیمانیەتی کۆمار راستەوخۆ قسە لەگەڵ خەڵک دەکەین. ئیدارەی جەهەپە لەخەمی چارەسەرکردنی خەڵک نییە. هەموویان هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسین".

پێشتریش ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لە (30ـی کانوونی دووەمی 2024) گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئاکپارتی و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت لەرێگەی ناوهێنانی دەم پارتییەوە رۆژەڤی سەرەکی بشارنەوە و جەهەپەش وەک پارتێکی سیاسی پەیوەندیی لەگەڵ دەم پارتی هەیە و هیچ شتێکی شاراوەیان نییە.

سەرۆکی جەهەپە روونیکردەوە، "لەگەڵ هەر پارتێکی سیاسی چ جۆرە پەیوەندییەکمان هەبێ، لەگەڵ دەم پارتیش هەمان شتە. بەشێوەیەکی روون و راشکاوانە لەبەردەم چاوەکان لەگەڵ دەم پارتی کۆدەبینەوە، سەردانمان کردن و چایەکی دێمیمان خواردەوە و ئەوانیش هاتن بەهەمان شێوە، ئەوان لە پشتی کامێراکان لەگەڵ دەم پارتی دادەنیشن و قسە دەکەن و برادەری یەکترن بەڵام لەبەردەم کامێراکان دەست بە ساختەکاری دەکەن".

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و گەورەشارەوانییەکانی دیکە بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوانن بەشداری بکەن.