سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبنەوە

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن دەستپێدەکات و ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

 ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، کاتژمێر 11:00 بە کاتی واشنتن و 7:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات .

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە،  ئێوارەی رۆژی شەممە،24/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتی فەرمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

راشیگەیاند، لەم سەردانەدا چەندین دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس ئەنجام دەدات.

هەروەها، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیش پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیە .

هەریەکە لە وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەدا یاوەرەی سەرۆکوەزیرانن.