هێرشێکی حوسییەکان لە دەریای سوور پووچەڵکرایەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، گرووپی حوسییەکانی یەمەن مووشەکێکی بالستیکی هەڵداوە. کە پێدەچێت رۆژی شەممە کەشتیی ئێم ڤی تۆرم زور لە کەنداوی عەدەنی کردبێتە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە هیچ زیانێک و بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە، راشیگەیاند، مووشەکەکە بەهۆی تەوژمی ئاو پووچەڵکرایەوە.

فەرماندەییەکە ئەوەشیخستەڕوو کە هێزەکانی ئەمەریکا لە هەمان رۆژی هێرشەکەدا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی باشووری دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە.

کەشتی MV Torm Dhur کەشتییەکی نەوت و ماددە کیمیاییەکانی ئەمەریکایە و ئاڵای ئەمەریکای لەسەرە.

حوسییەکان لە مانگی تشرینی دووەمەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر دەریای سوور و گەرووی باب مەندەب و کەنداوی عەدەن بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان، لە کاتێکدا شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەمەریکا و بەریتانیا هەڵمەتی هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەیان دەستپێکرد کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی حوسییەکانیان تێدا هەڵدەدرا، بەتایبەتی لە پارێزگای حەدیدەی یەمەن کە دەڕوانێتە دەریای سوورەوە.

هەفتەی رابردوو حوسییەکان رایانگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو کەشتییانە چڕتر دەکەنەوە کە پەیوەندییان بە ئیسرائیل و ئەمەریکا و بەریتانیاوە هەیە.