حزبوڵڵای لوبنانی هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، چەکدارەکانیان لە ناوچەی بەغدادی لە کەناری باکووری ئیسرائیل بەمووشەک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل.

گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆڕمی تێلێگرام رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 26-2-2024، "چەکدارەکانیان لە ناوچەی بەغدادی لە کەناری باکووری ئیسرائیل بەمووشەک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "بە ئامانج گرتنی هێزەکانی ئیسرائیل، بەهۆی پاڵپشتییەکانمانە لە گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە باکووری ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەکرد، لە ناوچەکانی مەجدەل شەمس، مەسعەدە و جۆلان گوییان لە زەنگی ئاگادارکردنەوە بووە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دوێنێ یەکشەممە، ئاماژەی بەوەکرد، ئیسرائیل بارهەڵگرێکی مەدەنی بە مووشەکێک لە نزیک سنووری سووریا و لوبنان کردە ئامانج، کە لانیکەم دوو کەس بەوهۆیەوە کوژران. دەشڵێت: ئەو دوو کوژراوە بە رەگەز لوبنانین و سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی بوون.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و لوبنان بووەتە شوێنی بۆردومانەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و گروپی حزبوڵڵای لوبنان.