ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق دەچێتە پەرلەمان

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و، دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 26-02-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، دیارترین ئەو تەوەرانەی بڕیارە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە سەبارەت بەدابینکردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە.

یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی بانگهێشتکردنی تەیف سامی بۆ پەرلەمان هەبوونی کێشەی سیولەیە لەبەردەستی وەزارەتەکان بۆ خەرجکردنی پارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

4. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق دەبێت ئەرکی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت و، کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوو حکوومەتیش (عێراق و هەرێمی کوردستان) چارەسەر بکات؛ تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

5. پێویستە حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بکات.

6. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق بکات.