وەزیری خوێندنی باڵا: دەبێت بە هەموو لایەک رووبەڕووی ماددەی هۆشبەر ببینەوە

K24 - هەولێر

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، دەبێت بە هەموو لایەک رووبەڕووی ماددەی هۆشبەر ببینەوە و هاوکاری حکومەت بین لەم پرسە بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، دوای ئەو لیژنەیەک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران دروستکرا بوو بە بڕیار کە دەبێت وەزارەتەکان ئەرکەکانی خۆیان دەستنیشان بکەن و ئێمە چۆن و دەتوانین چی بکەین، ئێمە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەو تیمەی وەزارەت لەگەڵ تیمی رێکخستنی کۆنفرانسەکە بیرمان کردەوە ئەم دیدارە ساز بکەین و لەماوەی داهاتووشدا کۆنفڕانسی هاوبەشمان دەبێت لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا و لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.

بە گوتەی ئەو وەزیرە: "ئەم پڕسە دەبێت ئیتر بە جددی وەربگیرێت حکومەت دەبێت ئیمکانیاتی ماددی مرۆیی زۆر باشی بۆ تەرخان بکات. رێگەی لێنەگرین بە دڵنیاییەوە رێگەی لە ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە دەگیرێت، بۆیە هەتا زووە دەبێت فریایی بارودۆخەکە بکەوین".

ئارام محەممەد راشیگەیاند، لەناو زانکۆکان کۆمەڵێک پسپۆڕی جیاجیامان هەیە، کە دەتوانێت زۆر کۆمەک بەم پرسە بکات، ئەم کۆنفرانسە هیوادارین هەموو تواناکانی ناو زانکۆکان پێکەوە گرێ بدات، نەخشە رێگایەک پێکەوە سەربخەین و بیکەینە بەشێک لە رێگای کارکردنمان، و حکومەتیش بیکات بە پرۆژەیەکی نیشتمانی.

گوتیشی: "دەبوو ئێمە زووتر کارمان بکردایە زووتر سکێت هۆڵدەرەکان و هاوبەشە پەیوەندیدارەکانی ناو ئەم حکومەتەی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیاکانەوە بەو تواناو ئیمکانیاتانەی خۆمانەوە ئەو مەترسییانەی هەیە کەمتر کاریگەری لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و ژیانی گەنجەکانی ئێمە هەبێت". دەشڵێت: "دەبێت هاوکاربین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەم پرسە سەنگەر بەندییە باشتر، تۆکمەتر، چالاکانە تر سەرپێی خۆی بخەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو ئەم هۆڵە".