هەرێمی کوردستان بەردەوام جێگەی بایەخی ئەمەریکا بووە

ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا
ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی، بەدەر لە پەیوەندییە سیاسی و کلتورییەکانی، بەردەوام جێگەی بایەخی کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوتی ئەمەریکا بووە.

ئەمەریكا خۆی گەورەی پیشەسازی نەوت لە جیهاندا دادەنێت. کۆمپانیا فرە نەتەوەکانی لە هەموو کون و قوشبنێکی ئەم جیهانە لەبواری نەوتدا کاردەکەن؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان لەرووی وزەوە بەدەرنییە لەم هەژموونی ئەمەریكا  و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوت.

ئەمەریكا  لە سەدەی رابردووەوە بابەتی نەوت وەک پرسێکی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی دەبینێت، هەربۆیە هەر مەترسییەک لەسەر کەرتی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەریكا دەهێنێتە سەر هێڵ. سێنتکۆم کە کورتکراوەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکایە؛ لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دامەزراوە. زۆرترین چالاکییەکانی ئەم فەرماندەییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پاراستنی ئاسایشی وزەی ئەمەریکایە.

هەر مەترسییەک لەسەر وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەریكا دەهێنێتە سەر هێڵ، قسەکانی فرانکلین مەکێنزی، فەرماندەیی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکاش پشڕاستی ئەم بۆچوونە دەکەنەوە کاتێک دەڵێت، "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەبوونی سەرچاوەیەکی گەورەی وزە، گەرووی هورمز، باب ئەلمەندەب، کەناڵی سوێز بەلای ئەمەریکاوە گرنگە و پەیوەستە بەئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکاوە، هەربۆیە بە گرنگییەوە لە هاوبەشەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن".

بەدەر لە پەیوەندییە سیاسی و فەرهەنگییەکان، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت و گازی سروشتی هەمیشە جێگەی بایەخی ئەمەریكا بووە.

کۆمپانیا جیاوازەکانی ئەمەریکا لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کاریان کردووە، هەربۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی گرنگیدان بە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئیدارە جیاوازەکانی کۆشکی سپییەوە بە هەرێمی کوردستان نەوت و سامانی سرووشتییە.

زیاتر لە 11 مانگە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیراوە. لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا بەرپرسانی ئەمەریكا  خواستی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا نیشانداوە و گوشاریان لە عێراق کردووە ئەو کێشەیە چارەسەربکات.

دواین هەوڵیش ناردنی نامەیەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ کۆنگرێس تا گوشار لە بەغدا بکەن دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکاتەوە، بەپێچەوانەوە 10 ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیایانە دەکەوێتە مەترسییەوە.