جەنگی نێوان ئێمباپێ و لویس ئێنریکی دەستیپێکرد

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

بڕیاری لویس ئێنریکی راهێنەری پاریس سانجێرمان بە هێنانەدەرەوەی کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکەی ئێوارەی یەکشەممە بەرامبەر رێن کاردانەوەی گەورەی لە رۆژنامەکانی فەرەنسا لێدەکەوێتەوە.

رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی هێمای بۆ ئەوە کردووە ئێستا ئێمباپێ کەسێک نییە کە نەتواندرێت دەستی لێبدرێت و دوای بڕیاری رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان لە کۆتایی ئەم وەرزە، دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئێمباپێ لەم وەرزە لەسەرجەم خول و پاڵەوانیەتییەکان تا کۆتایی یارییەکان بەشداری کردووە، جگە لە یارییەکەی بەرامبەر مارسێی نەبێت کە بەهۆی پێکانەوە گۆڕانکاری پێکرا، بەڵام لە دوو یاریی رابردوو هەموو شتێک گۆڕا و ئێمباپێ لە یارییەکەی بەرامبەر نانت یاریزانی یەدەگ بوو، لە یارییەکەی دوێنێش بەرامبەر رێن گۆڕانکاری پێکرا.

لیکیپ ئاشکرای کردووە ئێنریکی پێیوایە بڕیارەکەی ئێمباپێ لە کاتێکی گونجاو نەبووە کە ئەم یانەیە لەنێو رکابەرییەکانی ئەم وەرزەدایە و رەنگە کاریگەری لەسەر تیپەکە دروست بکات.

لیکیپ روونیکردووەتەوە ئێمباپێ نیگەرانە لە یەدەگ بوونی بەڵام چاوەڕێی ئەوەی کردووە دوای راگەیاندنی بڕیاری رۆیشتنی دۆخەکە لە سانجێرمان بگۆڕێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی لۆ پاریزیان ئاماژەی بەوە کردووە ئاشکرایە ئێمباپێ نیگەران بووە کە گۆڕانکاری پێکراوە و هێمای کاپتنییەکەی بە تووڕەییەوە داناوە و لە ئێنریکی تووڕەیە.

لیکیپ پاساوی بۆ ئێنریکی هێناوەتەوە و نووسیویەتی ئێمباپێ لە شوێنی خۆی لەسەرەڕم چالاک نەبووە و نەیتوانیوە بەباشی هاوکاری هاوڕێکان و تیپەکەی بکات.