برسێتی تەنگی بە دانیشتووانی غەززە هەڵچنیوە

برسێتی تەنگی بە دانیشتووانی غەززە هەڵچنیووە (وێنە: AP)
برسێتی تەنگی بە دانیشتووانی غەززە هەڵچنیووە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

خەڵکی غەززە بە ئافرەت و منداڵەوە ململانێیانە و چەندین کاتژمێر نۆرە بۆ دەستکەوتنی کەمێک خۆراکی رۆژانە دەگرن، ئەو کەمە خواردنەش کە دەستییان دەکەوێت تەندروست نییە و تووشی چەندین نەخۆشیی کردوون.

ژیان لە غەززە ژانە؛ دەستکەوتنی خۆراک لەو شارە، خەریکە دەبێتە مەحاڵ. خەڵکی غەززە بە منداڵ و ئافرەت و بە پیر و گەنجەوە ململانێیانە ئاخۆ کامیان بتوانن زووتر دەستیان بە کەمێک خۆراک بگات و سکی برسییانی پێ تێر بکەن. برسێتی تەنگی پێ هەڵچنیوون و بە دڵێکی پڕەوە هاوار دەکەن، با بەس بێت شەڕ، بۆ کوێ بڕۆین؟

ئەحمەد سافی، هاووڵاتییەکی غەززەیە و دەڵێت، "ئاخر لە کوێ بژین؟ ئێمە وڵاتی خۆمان دەوێت. سەیریکە بۆ دەستکەوتنی کەمێک خواردن شەڕمانە، ئێمە لە برسێتیداین، چیبکەین و بۆ کوێ بڕۆین؟".

ئەو بڕە کەمە خواردنەی کە دوای چەندین ململانێ و نۆرەگرتنی چەندین کاتژمێری دەست خەڵکی غەززە دەکەوێت؛ تەندروست نییە و تووشی چەندین نەخۆشیی کردوون. رێکخراوی به‌رنامه‌ی خۆراکی جیهانی رایدەگەیەنێت، زیاتر لە سەدا 10ـی منداڵان و لە سەدا 15ـی ئافرەتانی دووگیان لە غەززە، بەهۆی بەدخۆراکییەوە تووشی چەندین نەخۆشی مەترسیداربوون، بەڵام زۆربەیان هاوکاری پزیشکییان بەگوێرەی پێویست پێ ناگات.

ئووم وەجدی، هاووڵاتییەکی دیکەی کەرتی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "ئاو و نانمان نییە و برسێتی زۆر هیلاکی کردووین. بەهۆی ئاگر و دووکەڵەوە؛ سینگ و چاومان ئازاری هەیە. برسێتی و کەمی خواردن هێزی تێدا نەهێشتووین و ناتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین".

 ئامارەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاماژە بەوە دەدەن، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە غەززە بەدەست برسێتی و نەبوونی خۆراک و ئاوی خاوێنەوە دەناڵێنن، رێکخراوەکە دۆخی مرۆیی غەززە بە "کارەساتبار" وەسف دەکات.