راوێژکارێکی پێشووی ئەمەریکا: رووسیا بە لێهاتوویی شەڕی رۆژئاوا دەکات

کۆشکی کرێملن
کۆشکی کرێملن

K24 - هەولێر

راوێژکاری پێشووی پێنتاگۆن، دۆگلاس ماکگریگۆر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، رووسیا بە لێهاتووییەکی زۆرەوە شەڕی رۆژئاوا دەکات.

ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەشکرد: لە کاتێکدا ئەوان هەوڵ دەدەن لە رێگەی سزاکانەوە زیان لە رووسیا بدەن، بەڵام رووسیا بە لێهاتووییەوە شەڕی دارایی دژی رۆژئاوا ئەنجام دەدات.

 ماکگریگۆر گوتیشی: دامەزراندنی گرووپی بریکس بە تایبەتی بۆ رزگاربوون لە هەژموونی ئەمەریکا داڕێژراوە.

 دەشڵێت: تەواوی چەمکی بریکس بۆ ئەوە دانرابوو کە هەموو ئەوانەی دەیانویست لە ژێر هەژموونی ئەمەریکا دەربچن، هەروەها ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان هەن کە لەگەڵ ئەم رێبازەدا هاوڕان.

 هەینی رابردوو ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر رووسیادا سەپاند، سزاکانی ئەمەریکاش بە گشتی نزیکەی 500 کەس و دامەزراوە دەگرێتەوە، لەوانە ئەوانەی لە وڵاتانی سێیەمەوە هاتوون.

 لای خۆیەوە رووسیا چەندین جار دڵنیایی داوە لەوەی کە دەتوانێت بەسەر ئەو گوشارانەی سزاکاندا زاڵ بێت کە رۆژئاوا چەند ساڵێک لەمەوبەر سەپاندوویەتی بەسەریدا، مۆسکۆ ئاماژەی بەوەشدا کە رۆژئاوا ئازایەتی ئەوەیان نییە دان بە شکستی ئەو بڕیارانەدا بنێن.