غازی حه‌سه‌ن: كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌ك كاراكته‌ر و رۆڵگێڕ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت

غازی حه‌سه‌ن، شرۆڤه‌كاری سیاسی
غازی حه‌سه‌ن، شرۆڤه‌كاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كورد له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌ك كاراكته‌ر و رۆڵگێڕ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. ده‌شڵێت، جوگرافیای كوردستان، پێكه‌وه‌ژیان، چه‌سپاندنی دیموكراسی و تێفكرینی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجی وڵاتانی بۆ خۆی راكێشاوه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 26ـی شوباتی 2024) غازی حه‌سه‌ن، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، كورد تاوه‌كو به‌ر له‌ راپه‌ڕینی ئاداری 1991 و دروستبوونی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌ چاوی شۆڕشگێڕی و به‌زه‌یی ته‌ماشای ده‌كرا، به‌ڵام دوای ئه‌و قۆناغه‌ وه‌ك كاراكته‌ر و رۆڵگێڕ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كورد وه‌ك رۆڵگێڕ و جوگرافیای سیاسی و تێفكرین و شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كانی و پێكه‌وه‌ژیان و چه‌سپاندنی دیموكراسی و په‌ره‌پێدان به‌ بواری ئازادیی، وایكردووه‌ سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی زلهێز به‌ لای خۆیدا رابكێشێت.

غازی حه‌سه‌ن باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌ره‌ڕای فشاره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، به‌ڵام پێگه‌ی كورد رۆژ دوای رۆژ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كورد توانیویه‌تی هاوسه‌نگی و بێلایه‌نی خۆی له‌ ته‌واوی ئاڵۆزی و ناكۆكییه‌كانی ناوچه‌كه‌ بپارێزێت، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ گونجاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی پریشكی ئاڵۆزی و ناكۆكییه‌كانی به‌رنه‌كه‌وێت.

رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.