ئەردۆغان بۆ چەند دۆسیەیەکی گرنگ سەردانی عێراق دەکات

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی سەرۆککۆماری تورکیا ئەنجامدانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ عێراق راگەیاند، وابڕیارە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی و هاوبەش لەگەڵ عێراق لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی بێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، لەوانەش دۆسیەکانی ئاو، پەکەکە، بازرگانی، نەوت و رێگەی گەشەپێدان.

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆتایی ئاداری ئەمساڵ سەردانی عێراق دەکات بەڵام ئەردۆغان هیچ زانیارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەی بۆ عێراق ئاشکرانەکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانیش، چاوەڕێ دەکرێت دوای جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو، وادەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و ئەجێندای کۆبوونەوەکانی یەکلایی بکرێتەوە و تیمی پرۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئامادەکاری بۆ کارەکانی سەردانەکەی بۆ عێراق ئەنجام بدەن.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا لەوەتی سەردانەکەی تورگوت ئۆزال لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هەرچەندە لە ساڵانی 2008، 2009 و 2011، ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی بەغدای کرد لەوکاتەشدا نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، چاوەڕێ دەکرێت لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (13ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دوبەی، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کۆبووەوە کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان و بازرگانيی تورکیا ئامادەی بوون و هەروەها هەردوولا جەختییان لە گرنگیی پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگی لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

پێشتریش لە رۆژی (22ـی ئابی 2023) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانێکی سێ رۆژەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (24ـی ئابی 2023) کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هاکان فیدان جەختی لە خواستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ هەولێر دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "هەروەک چۆن لەماوەی رابردوودا هەولێر سەقامگیرتر و ئاوەدانتر بووە لەچاو ناوچەکانی دیکەی عێراق، دەمانەوێت بەوشێوەیە بمێنێتەوە و لەو پێناوەشدا ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەک".

هەروەها رۆژی (6ـی شوباتی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا، بە سەردانێک گەیشتنە هەولێری پایتەخت و لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرایەوە.

رۆژی (23ـی ئابی 2023)، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئاشکرایکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا "سوورە لەسەر سەردانیکردنی بۆ عێراق"، بەبێ ئەوەی وادەی سەردانەکە ئاشکرا بکات.

وەک پێشتر لەلایەن ئەنقەرە و بەغداوە راگەیەندراوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی عێراق دەکات و بەگوێرەی زانیارییەکانیش سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چەند دۆسیەیەکی سەرەکی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

دۆسیەی دابەشکردنی ئاو لە نێوان هەردوو وڵات

کێشەی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا زیاتر لە 70 ساڵە هەیە و تورکیا بە دروستکردنی زیاتر لە 20 بەنداو لەسەر سەرچاوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، کێشەکانی عێراقی لە وشکەساڵی و بەبیابانبوون قوڵتر کردووەتەوە.

تورکیا تائێستا ئامادە نییە لەو بابەتەدا، پابەندی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بێت و ئەوەش بووەتە خاڵێکی سەرەکی کێشەکانی نێوان عێراق و تورکیا. دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاویان کردووەتە کارتی بەهێزی فشار بۆ سازشکردن بە چینی سیاسی عێراق کە لە زۆرینەی شیعەکانی نزیک لە ئێران پێکهاتوون و کێشەی کەمئاوییش بە پلەی یەکەم پارێزگا شیعەنشینەکانی هەراسانکردووە.

له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فوڕات رێژه‌ی 90%ـی سه‌رچاوه‌ی ئاوی پاكی عێراقیان پێكده‌هێنا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندی، ئاستی ئاوی هه‌ردوو رووباره‌كه‌ له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیشی دروستكردنی به‌نداوه‌كانی ئاوه‌ له‌لایه‌ن توركیاوە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، جارێکی دیکە بەغدا و ئەنقەرە دەستیان بە گفتوگۆ کرد سەبارەت بە پرسی ئاو، بەغداش رایگەیاندووە لایه‌نی توركی تاوەكو ئێستا وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی عێراقی نه‌داوه‌ته‌وه‌ كه‌ داوایكردبوو بەردانەوەی ئاو لە رووباری دیجله‌ بۆ 500 مه‌تر سێجا له‌ چركه‌یه‌ك زیادبكات و لە رووباری فوراتیش 300 مه‌تر سێ له‌ چركه‌یه‌ك به‌ربداته‌وه‌.

لە مانگی ئایاری 2023 لە بەغدا، سێیەمین کۆنگرەی ئاوی بە ئامادەبوونی وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەنجامدرا و مەترسییەکانی کەمئاوی و وشکەبوونی زۆنگاوەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بەبیانبوونی بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر سامانی ماسی و خورما و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەگشتی خرانەڕوو، بەشێوەیەک بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رووبەری زەوی چێندراو بە گەنم و جۆ لە ساڵی رابردوو، لە 11 ملیۆن و 600 هەزار دۆنمەوە بۆ کەمتر لە 7 ملیۆن دۆنم دابەزیوە، ئەوەش کەمترین رووبەری چاندنە لە چەندین ساڵی رابردوودا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، زیاتر له‌ 12 هه‌زار خێزان له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ له‌ مانگی ئاداری 2023ـدا، شوێنه‌كانیان به‌جێهێشتووه‌ و روویان له‌ شار و شارۆچكه‌كان كردووه‌.

لە (21ـی ئاداری 2023) سوودانی سەردانی تورکیای کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغاندا، بڕیاردرا بە بەردانەوەی ئاوی زیاتر بۆ ماوەی مانگێک بۆ عێراق و هەردوولاش ئامادەییان نیشاندا بۆ زیاتر لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی پرسی ئاو.

دۆسیەی رێگای گەشەپێدان

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکانە لە پرۆژەی دروستکردنی پرۆژەی رێگای گەشەپێدان، کە بە شاڕێی ئابووری عێراق دادەنرێت بۆ بەیەک بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە ئەوروپا.

رۆژی (14ـی تەمموزی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت و لەمیانەیدا، باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و ئامادەیی وڵاتەکەی و کۆمپانیا تورکییەکانی بۆ کارکردن لە پرۆژەی رێگای گەشەپێدان دەربڕیوە، بۆ بەشداریکردن لەو دەرفەتە ئابوورییە کە ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی نێوان هەردوو زیاتر بەرەو پێشەوە دەبات و خزمەتی هەموو ناوچەکەش دەکات.

هاوکات رۆژی (27ـی ئایاری 2023)، بە بەشداریی نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی "رێگەی گەشەپێدان" لە بەغدا بەچاودێری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.

رێگەی گەشەپێدان پێکهاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە رێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق و دەروازەی پێشابوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن.

گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2024 دەستپێدەکات و لە 2028 کۆتایی پێدێت، کە درێژی هێلی ئاسنینەکەی بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا و تا ئێستاش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.

بەگوێرەی بڕیاری دادگاکە، تورکیا دەبێت بە بڕی (1.7) ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە و لە بەرامبەریشدا بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، تورکیاش بۆ فشارکردن لە کشانەوەی ئەو داوایەی عێراق، داوای لە ئەستۆگرتنی ئەرکی نۆژەنکردنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی بۆ بەندەری جەیهان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات کە درێژییەکەی نزیکەی 350 کیلۆمەترە.

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کە رۆژی (4ـی نیسانی 2023) لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی واژۆکرا، هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، رۆژانە بڕی 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات و ئەمەش لە یاسای بودجە جێگیرکراوە.

دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە و لایەنی تورکیاش ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە و کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتیشیان تەواوکردووە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی شوباتی ساڵی رابردوو زیانی پێگەیشتبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.

دۆسیەی ئابووری و بازرگانی

بەگوێرەی ئامارەکان قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی 2022ـدا گەیشتە 15.2 ملیار دۆلار و ئامانجی تورکیاش بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتە بۆ سەرووی 20 ملیار دۆلار.

هەروەها لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریدا، کۆمپانیا تورکییەکان ئامادەییەکی بەرچاویان لە تەواوی ناوچەکانی عێراقدا هەیە و ئەنقەرەش هەمیشە دووپاتیکردووەتەوە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر ئاستی ئابووری و وەبەرهێناندا زیاتر بەرەوپێش ببات و دەرفەتی زیاتر بە کۆمپانیا تورکییەکان بدرێت بۆ کارکردن لە سێکتەرە جیاوازەکان لە عێراق.

لەگەڵ ئەوەشدا عێراق بە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکان دادەنرێت بۆ هاوردەکردنی کاڵای تورکی بەتایبەتی لە جلوبەرگ، خواردن، کەلوپەلی ناوماڵ و بیناسازی.

لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغانیش بۆ بەغدا، کرانەوەی زیاتری ئابووری و بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەبێت، هەرچەندە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی عێراق ئاسانکاری ڤیزایە لەلایەن تورکیاوە بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنقەرە نەچووەتە ژێرباری ئەو داوایە، ئەویش بەهۆی هەوڵدانی بەردەوامی عێراقییەکان بۆ کۆچکردن بۆ ئەوروپا بەشیوەی نایاسایی لە رێگەی وڵاتەکەیەوە کردووەتە بیانوو.

دۆسیەی پەکەکە

بڵاوبوونەوەی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق و تورکیا، بەتایبەتی لە شنگال جێگەی نیگەرانی بەردەوامی تورکیایە و چەندین جاریش هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان و شنگالی بۆردومانکردووە.

یەکێکی دیکە لە ئەجێندای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا، وەرگرتنی دڵنیاییە لە حکومەتی عێراق کە کار بۆ نەهێشتنی چالاکییەکانی پەکەکە دەکات، هەروەها هەوڵیش دەدات لە رێگەی عێراقەوە، پەیام بۆ گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بنێرێت کە نەبنە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە عێراق، بەتایبەتی ئەو گرووپە چەکدارییانەی حەشدی شەعبی کە چالاکییەکانیان نزیکن لە بارەگا سەربازییەکانی سوپای تورکیا.

لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، سوودانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەردۆغان رایگەیاند تورکیا 30 کیلۆمەتر لە خاکی عێراقی بەزاندووە و جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق بۆ رێزگرتن لە سەروەری خاکەکەی کردەوە و گوتیشی، رێگەنادەن هیچ هێزێک، خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکاربهێنێت و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لە رووی ئەمنی و زانیاری هەواڵگری.

لە چەند ساڵی رابردوودا، سوپای تورکیا چەندین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی چەکدارانی پەکەکە ئەنجامداوە و لە سەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی رابردووش، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرایکرد، لە 24ـی تەمموزی ساڵی 2015ـەوە تاوەکو تەمموزی 2023، 38 هەزار و 156 چەکداری پەکەکە کوژراون.

دۆسیەکانی دیکە

بەگوێرەی چاودێرانی دۆسیەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، چەند دۆسیەیەکی دیکەش لەسەر مێزی گفتوگۆکانی ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای عێراق بێت، لەوانەش پرسی کەرکووک و داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان، دۆسیەی فەڵەستین و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، مافی پێکهاتەی تورکمان بەتایبەتی لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان.