لەهۆڵەندا هونەرمەندێکی کورد بەشداری فێستیڤاڵی ساڵانەی ئەو ووڵاتە دەکات

K24 - هەولێر

هونەرمەندێکی کورد کە نزیکەی 15 ساڵە لە هەندەرانە و خەریکی کاری هونەرییە لە کەرنەڤاڵ و ڤێستیڤاڵەکان و کۆنسێرتەکانی وڵاتی هۆڵەندا بەژداربووە و  بەردەوام بووە لە پاراستنی کولتوری کوردی.

هونەرمەند، کاروان حەمید حەلاق، بەکوردستان24ـی راگەیاند ، بە شانازییەوە بە جل و بەرگی کوردیەوە بەژداری هەمو ڤێستیڤاڵ و کەرنەڤاڵێک دەکەم.

حەلاق دەشڵێت: ئەم فێستيڤاڵە لە ئۆرکێسترای لە یەکدراو پێک هاتووە کە خۆی بەڵگەیە لە پێکەوە ژیان و خۆشەویستی نێوان نەتەوەکان و تێکەڵاووبون کە ناسراوە بە (Catching Cultures Orchestra) کە ‌‌100 ژەنیاری هۆڵەندی تێیدا بەژدارە هەروەها ئۆرکێسترای دووەم ( Koor Duniya). 

گوتیشی: ئامانجی ئەم فێستيڤاڵە باس لە ڕەوشی پەنابەران دەکات رووەکەی تری پەنابەران نیشانی خەڵکی دەدا کە پەنابەرانیش ئارەزووی بۆنی گووڵ و ڕوحی مۆسیقا دەکەن کە پەنابەرانیش وەک هەر کەسێکی تر هەست بە جوانی ژیان دەکەن حەز لە توندوتیژی ناکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، میوزیک وەک گیانەوەرێکی خشۆک وایە بێ باڵە بەڵام دەتوانێ بە هەمو کوچە و کۆڵان و شار و وڵاتاندا بڵاوببێتەوە خۆشەویستی و پاکی و ڕوحێکی مرۆڤانە نیشانی خەڵکی بدات، بۆیە منیش کە ژەنیاری باڵەبانم بە خۆشحاڵییەوە وەک پەنابەرێک بەژدارم لەم فێستيڤاڵە.

کاروان راشیگەیاند، ئەرکی من و هەموو کەسێکە لە تاراوگە و لە ناو هەموو میلەتانی دونیا جل و بەرگ و کولتور و زمانی خۆمان بناسێنین و کار بۆ ناساندنی میلەتی کورد بکەین بۆ ئەوەی بە جیهانی بڵێین ئێمەش هەین و بونمان هەیە تا ڕادەیەکی باش توانیومە دیووە جوانەکەی میللەتی کورد نیشانی هەموو جیهان بدەم.