جۆو بایدن: ئیسرائیل لە مانگی رەمەزاندا هێرشەکانی رادەگرێت

K24 - هەولێر

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، هیوای خواست تا هەفتەی داهاتوو لە 4ـی ئادار ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ بکرێت.

پرسیار لە جۆو بایدن کرا سەبارەت بە ئەگەری وادەی دەستپێکردنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەویش لە وەڵامدا رایگەیاند، "راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێم دەڵێت، ئێمە نزیکین و هێشتا تەواو نەبووین، هیوادارم تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئاگربەست رووبدات".

جۆو بایدن بە کەناڵی ئێن بی سی راگەیاند، ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە لە مانگی رەمەزاندا چالاکی سەربازی لە کەرتی غەززە ئەنجام نەدات، هۆشداریشیدا لەوەی ئیسرائیل مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی هەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە فەڵەستینییەکان دەکوژرێن.

ئاماژەی بەوەشدا، " ئیسرائیل پابەند بووە بەوەی فەڵەستینییەکان بتوانن شاری رەفەح لە باشووری غەززە چۆڵ بکەن، پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی لەو شارە دژی حەماس چڕتر بکاتەوە.

بەگوتەی سەرۆکی ئەمەریکا، لە کاتی ئازادکردنی بارمتەکاندا رێککەوتنێکی سەرەکی هەیە لەسەر ئاگربەست لە نێوان لایەنی ئیسرائیلی و حەماس. گوتیشی، "رەمەزان نزیک دەبێتەوە، لە نێوان ئیسرائیلییەکان رێکەوتنێک هەبوو کە لە مانگی رەمەزاندا هیچ چالاکیەک ئەنجام نەدرێت، بۆ ئەوەی کات بدەین بە خۆمان بۆ رزگارکردنی هەموو بارمتەکان".

ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بلینکن دووپاتی کردووەتەوە کە گرنگە دڵنیابین لەوەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر فراوان نەبێت، بەتایبەتی پێش مانگی رەمەزان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە نابێت فەڵەستینییەکان بە زۆر لە غەززە و یان کەناری رۆژئاوا ئاوارە بکرێن.

لە میانی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەلسەفادی، بلینکن هەروەها باسی لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا کرد بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی توندوتیژیی دانیشتووان دژی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا.