رووخانی پردێك له‌ سنووری  پشده‌ر گرفتی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە

دانیشتووانی 14 گوندی بناری چیای ئاسۆس بە بەلەم هاتووچۆ دەکەن
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر

K24 - هەولێر

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر، پردێکی رێگاکەی لەگەڵ خۆی بردووە و ئێستا دانیشتوانی 14 گوندی بناری چیای ئاسۆس بە بەلەم هاتووچۆ دەکەن .

پەڕینەوە بە بەلەم لەم بەر بۆ ئەوبەری زێی بچووک، ئێستا هۆکاری هاتووچۆی دانیشتوانی 14 گوندی بناری چیای ئاسۆسە. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک بۆ دووەم جار لەمساڵدا ئەو پردە رێگایەی لەگەڵ خۆی راماڵیوە کە گوندنشینان هاتووچۆیان پێدا دەکرد.

کەرەستە و پێداویستییەکان بە نرخێک و هاووڵاتیانیش بە نرخێکی دیکە، کرێی ئەم سەر و ئەوسەری پەڕینەوەی یەک کەس هەزار دینارە.

هاووڵاتیی بەختیار عەبدوڵڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمساڵ ئەوە دووەمجارە ئاو ئەو پردە تێکدەدات، کێشەو گرفتمان زۆرە. ئەگەر بێت و ئێستا کەسێک مار پێوەیدا یاخود نەخۆشبێت، یان شوانێک شتێکی بەسەردا بێت؛ ئەبێت بەلەمەوانەکە لەماڵ بێنینە دەرەوە و تەنیا ئەو بەلەمەش هەیە".

پەڕینەوە بەبەلەم یان چووپ، بەتایبەت لەو رۆژانەی بای بەهێزی هەبێت یان ئاستی ئاوی زێیەکە بەرز بێت، بێ مەترسی نییە، بەڵام ئەم هەڵبژاردەی گوندنشیان لە هاتووچۆ بە بەلەمەکە ناچارییە.

ئاکام ئەحمەد، هاووڵاتی بە کوردستان24 دەڵێت: "ئەگەر ئەو پردە نەبێت ئیتر ئێمە پەکمان دەکەوێت و هاتووچۆمان بۆ ناکرێت، بەلەم ماتۆڕ هەیە. بەلەم ماتۆڕیش مەترسی لەسەر ژیانی ئێمە هەیە و وەردەگەڕێت. ساڵی پار یەکێک بەو بەلەم ماتۆڕە لە بێخرێ خنکا بەهۆی وەرگەڕانی کەڵەکەکە.

ئەو پردە رێگایەی پێشتر گوندنشینان بەکاریان دەهێنا، ئاوی زێی بچووک لەگەڵ خۆی بردوویەتی، بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕێگاوبانی راپەرین لە ڕووی کارگێڕیەوە هەردوو شارەدێی خدران و بنگردی گەڕاندووەتەوە سەر بەرێوبەرایەتیەکەیان، بۆیە چارەسەری گرفتەکانیشیان لای ئەوانە.

ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی راپەڕین بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە ئێستادا دەرخستەیەکمان کردووە و ناردوومانە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ زیاد کردنی ئارامکۆکان. بۆ نموونە دوو دانەی لێدەدات دانەیەکی دیکەشمان بۆ زیاد کردوون، بۆ ئەوەی دایان بنێین و ساڵانە کە ئاو زیاد دەکات، بەو شێوە تێک نەچێت و ئیشکردنێکی کەمی بووێت، پلانی درێژخایەنیشمان هەیە پردێکی باشی بۆ دروست بکرێت".

جگە لە پەڕینەوە بەبەلەم، دوو تەلەفریک بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییان بێبەرامبەر لەسەر رووباری زێی بچووک دانراون، یەکێکیان هی هاووڵاتییانە و ئەوی دیکەیان ئەمساڵ ئیدارەی راپەڕین بە گوژمەی 27 ملیۆن دینار نۆژەنی کردووەتەوە، بەڵام ئەوە هەموو پێداویستی گوندنشیان پڕ ناکاتەوە .