گوتەبێژی وەزارەتی دارایی بۆ کوردستان24: بەغدا دەیەوێت کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بکات

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەڵێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دروست بکات، بەوپێیەی داوا دەکات لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ هەموو مووچەخۆرێک دروستبکرێت، کە ئەمەش ئەستەمە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27-02-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و، لێدوانەکانی تەیف سامی، وەزیریی دارایی عێراق لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی کوردستان24 بوو کە ژڤان عابد پێشکەشکی کرد.  

"بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە فەرمی نەگەیشتوونەتە دەستمان"

بە گوێرەی ژمارەیەک بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەریکردوون؛ دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن و کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت. هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێڕاقیش پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچە دابەش بکات.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی کرد، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێدوانەکانی دوێنێی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیش، بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە ناتوانین بڵێین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکان دەکەین".

کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

دوێنێ دووشەممە، 26-02-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. وەزیری دارایی رایگەیاند، بۆ ئەم مانگە (مانگی شوبات – دوو) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو لیستە دەنێرن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو پێویستە هەژماری بانکی لە ماوەی مانگێکدا بۆ هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان دروستبکرێت، ئەگەر نا مووچە نانێرن.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ساڵێکە دەستمان بە پڕۆژەی 'هەژماری من' کردووە. ئەو هەژمارە بانکییە بۆ زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر دروستکراوە، بەتایبەت لە هەولێر هەژماری بانکی بۆ زۆرینەی مووچەخۆران دروستکراوە. ئێستا پڕۆژەکە خەریکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات".

هونەر جەمال ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆسەی 'هەژماری من' کێشە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دروست ناکات، چونکە ئەو بانکانەی هەرێمی کوردستان کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین هەموویان مۆڵەتیان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە و هەموویان بە رەزامەندی ئەو بانکە بەشدارییان لە پڕۆژەی هەژماری من کردووە".

حکومەتی عێراق، وەکو ئەوەی هونەر جەمال باسی کرد، "لە ساڵی 2016ـەوە خەریکی دروستکردنی هەژماری بانکییە؛ هەشت ساڵە 20 بانکی عێراق خەریکی ئەو پڕۆسەیەن کەچی تەواو نەبووە، چۆن دەتوانرێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت؟ بەداخەوە بەشێک لە پەرلەمانتاران پەیامی بەغدا دەگەیەنن لە دژی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی سەرنج بخەنە سەر ئەو كێشانەی لە عێراق هەیە".

"وەزارەتی دارایی دەیەوێت کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دروست بکات"

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی دەڵێت، نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "تەنها کێشە دروستکردنە. ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە. هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە. درێخییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمەوێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت". 

هونەر جەمال باسی لەوەش کرد، لە کاتی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 تاوەکو ئێستا، "سێ ساڵ یاسای بودجەی فیدراڵی هەبووە، دوو ساڵیش بەپێی یاساکانی دیکە. پێویست بوو لەو پێنج ساڵەدا 59 تریلیۆن و 29 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام حکومەتی عێراق لەو پێنج ساڵەدا تەنها 13 تریلیۆن و 401 ملیار دیناری ناردووە کە بەشێکی زۆری بە شێوەی قەرز بووە. واتا لە پێنج ساڵی رابردوو تەنها سەدا 22.7ـی شایستە داراییەکانمان لە حکومەتی فیدراڵی وەرگرتووە".

بە گوتەی هونەر جەمال، "حکومەتی عێراق بەردەوام ویستوویەتی هەرێمی کوردستان بچەوسێنێتەوە. بەردەوام بیانووی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات".

لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، لیستی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاک نییە و کێشەی تێدایە؛ گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەدات، بەگوێرەی دوایین ئەو لیستەی مانگی 10ـی رابردوو پێشکەشی پەرلەمانی عێراقیان کردووە، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار. 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەو پەرلەمانتارانە دەپرسێت، "هەرگیز پرسیارتان کردووە ژمارەی مووچەخۆری کرداری (فیعلی) لە عێراقدا چەندە؟ ژمارەی مووچەخۆری فەرمانبەری هەمیشەیی تەنها ئەوەیان لە بودجەدا دیارە کە ژمارەیان چوار ملیۆنە. ئەوان تا ئێستا نازانن چەند چەکداری حەشدی شەعبی مووچە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن و یەک کەس ناتوانێت لیستی مووچەخۆری حەشدی شەعبی ببینێت".

هونەر جەمال لەبارەی ژمارەی مووچەخۆری خانەنشین لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "زیاتر لە دوو ملیۆن و 706 هەزار کەس لە عێراق مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، لە کاتێکدا ئێمە 245 هەزارمان هەیە کە دەکاتە سەدا 9ـی ژمارەی خانەنشینانی عێراق".

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، "گەندەڵییەکی زۆر لە چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراقدا هەیە. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق خۆی رایگەیاندووە، حەوت ملیۆن و 400 هەزار کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن کە بەشێکی زۆریان پەرلەمانتار و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش نازانن لیستەکەیان چۆنە. زیاتر لە 150 هەزار کەس مووچەی وەهمیان هەیە. عێراق خۆی سەدان کێشەی هەیە کەچی دێت کێشە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان زەق دەکاتەوە و بەبیانووی ئەوە مووچەی فەرمانبەران هەموو مانگێک دوادەخات".