گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم: کەس ناتوانێت لیستی مووچەخۆری حەشدی شەعبی ببینێت

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پاکە و کێشەی نییە. دەشڵێت، لە عێراق سەدان هەزار مووچەخۆری وەهمی هەن و تەنانەت کەس ناتوانێت لیستی مووچەخۆری حەشدی شەعبی ببینێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27-02-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و، لێدوانەکانی تەیف سامی، وەزیریی دارایی عێراق لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی کوردستان24 بوو کە ژڤان عابد پێشکەشکی کرد. 

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی، "بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، لیستی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاک نییە و کێشەی تێدایە؛ بەگوێرەی دوایین ئەو لیستەی مانگی 10ـی رابردوو پێشکەشی پەرلەمانی عێراقمان کردووە، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار. لیستەکە زۆر پاکە و هیچ كێشەیەکی تێدا نییە".

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەو پەرلەمانتارانە دەپرسێت کە دەڵێن لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان پاک نییە و کێشەی تێدایە، "هەرگیز پرسیارتان کردووە ژمارەی مووچەخۆری کرداری (فیعلی) لە عێراقدا چەندە؟ ژمارەی مووچەخۆری فەرمانبەری هەمیشەیی تەنها ئەوەیان لە بودجەدا دیارە کە ژمارەیان چوار ملیۆنە. ئەوان تا ئێستا نازانن چەند چەکداری حەشدی شەعبی مووچە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن و یەک کەس ناتوانێت لیستی مووچەخۆری حەشدی شەعبی ببینێت".

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا بەردەوام ویستوویانە هەرێمی کوردستان بچەوسێنێتەوە. بەردەوام بیانووی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکەن".