هونەر جەمال: گەندەڵییەکی زۆر لە چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراقدا هەیە

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گەندەڵییەکی زۆر لە چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراقدا هەیە و زیاتر لە 150 هەزار کەس لە عێراق مووچەی وەهمی وەردەگرن، بەڵام کەس باسیان ناکات، لەجیاتی ئەوە دێن کێشە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان زەق دەکەنەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 27-02-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و، لێدوانەکانی تەیف سامی، وەزیریی دارایی عێراق لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی کوردستان24 بوو کە ژڤان عابد پێشکەشکی کرد.

هونەر جەمال لەبارەی ژمارەی مووچەخۆری خانەنشین لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "زیاتر لە دوو ملیۆن و 706 هەزار کەس لە عێراق مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، لە کاتێکدا ئێمە 245 هەزارمان هەیە کە دەکاتە سەدا 9ـی ژمارەی خانەنشینانی عێراق".

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، "گەندەڵییەکی زۆر لە چاودێریی کۆمەڵایەتیی عێراقدا هەیە. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق خۆی رایگەیاندووە، حەوت ملیۆن و 400 هەزار کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن کە بەشێکی زۆریان پەرلەمانتار و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش نازانن لیستەکەیان چۆنە. زیاتر لە 150 هەزار کەس مووچەی وەهمیان هەیە. عێراق خۆی سەدان کێشەی هەیە کەچی دێت کێشە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان زەق دەکاتەوە و بەبیانووی ئەوە مووچەی فەرمانبەران هەموو مانگێک دوادەخات".

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی لەوەش کرد، "هەرگیز پەرلەمانتار و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پرسیاریان کردووە ژمارەی مووچەخۆری کرداری (فیعلی) لە عێراقدا چەندە؟ ژمارەی مووچەخۆری فەرمانبەری هەمیشەیی تەنها ئەوەیان لە بودجەدا دیارە کە ژمارەیان چوار ملیۆنە. ئەوان تا ئێستا نازانن چەند چەکداری حەشدی شەعبی مووچە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن و یەک کەس ناتوانێت لیستی مووچەخۆری حەشدی شەعبی ببینێت".