ئەمه‌ریکا و بەریتانیا جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس و دوو کۆمپانیا سزادەدەن

K24 - هەولێر:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا ئه‌مڕۆ 27ـی شوباتی 2024 رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا، محەممەد رەزا فەلاحزادە جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەندامێکی حووسییەکانی یەمەن خراونەتە لیستی سزاکان.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا ئاشکراشی دەکات، دوو کۆمپانیا کە بە بڕی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار کاڵای ئێرانیان بۆ چین گواستووه‌تەوە، خراونەتە لیستی سزاکان.

ئاماژەی بەوەشدا، دوو کۆمپانیاکە لەبری وەزارەتی بەرگری ئێران کاریان کردووە و  لەڕێگەی کەشتییەکەوە کاڵاکانیان گەیاندووە.

هەروەها راشیگەیاند، وەزارەتی بەرگری ئێران لە پێدانی چەک و درۆن بە رووسیا و گرووپە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە.  

ئەمەش دوای ئەوە هات، رۆژی‌ (29ـی كانوونی دووه‌می 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، بانکی هودای عێراقی تێوەگلاوە لە پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسداران و پەیوەندییەکانی ئەو بانکە لە سیستمی دارایی وڵاتەکەی دەپچڕێنێت.

هەروەها رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغداد سەپاند و هەژمارە بانکییەکانی ئەو کۆمپانیایەی راگرت.