ریاڵ مەدرید چاودێری کۆبوونەوەکەی ئێمباپێ لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا دەکات

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی چاودێری کۆبوونەوەی کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەکات.


کیلیان ئێمباپێ بەشداریی لە ئێوارە خوانێکی ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، تەمیم ئال سانی میری قەتەر و ناسڕ خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان دەکات، ئەم ئێوارەخوانە لە پەراوێزی سەردانەکەی میری قەتەرە بۆ فەرەنسا.


بەپێی رۆژنامەی ریلیڤۆی ئیسپانی، یانەی ریاڵ مەدرید چاودێری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەکات کە لە کۆشکی ئیلیزێ ئەنجام دەدرێت.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە کۆبوونەوەکەی ئەم ئێوارەیە تەنیا بەمەبەستی برەودانە بە یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاریس و هیچ مەبەستێکی دیکەی لەپشتەوە نییە، چونکە سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ناتوانن ئێمباپێ رازی بکەن لە پاریس بمێنێتەوە.


راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە ئێمباپێ تا ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید واژۆ نەکردووە، بەڵام رەنگە لەم نزیکانە رووبدات چونکە ئێمباپێ رایگەیاندووە کە ئارەزوو دەکات لە پاریس سانجێرمان بڕوات.


سەرەڕای پێداگیری ئێمباپێ، لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو ریاڵ مەدرید ترسیان لەوە هەیە بەهۆی فشاری فەرەنسا و قەتەر ئەم یاریزانە پەشیمان بکەنەوە، جگە لە ترسی ریاڵ مەدرید لە سعوودیەکان بە کڕینی ئێمباپێ و پەلکێشکردنی بۆ خولی سعوودیە.