وڵات نەهری: بانگهێشتکردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە

وڵات نەهری، سیاسەتمەدار
وڵات نەهری، سیاسەتمەدار

K24 – هەولێر:

سیاسەتمەدارێك رایدگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسیان لە بەرژەوەندی هاوبەش و مێژووی خەباتی هاوبەشی نێوان هەردوولا کرد. هاوکات دەڵێت: بانگهێشتکردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە.

وڵات نەهری، سیاسەتمەدار بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە، هەروەها ئەم هەنگاوەش بەردەوامی سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.

ئەو سیاسەتمەدارە باسی لەوەكرد، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسیان لە بەرژەوەندی هاوبەش و مێژووی خەباتی هاوبەشی نێوان هەردوولا کرد.

وڵات نەهری، راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە هەڕشەی لەسەرە، هەمیشە هەڕەشەی داگیکردنی هەرێمەکە دەکەن، بۆیە پێوستە کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوو بێت بۆ ئەوەی بەرامبەر دووژمنەکان بەبەهێزی بووەستێتەوە.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) لە واشنتن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بیلنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نووسیویەتی: سوپاس ئەنتۆنی بلینکن بۆ پشتیوانیی بەردەوامتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هاوبەشییەکەمان کۆڵەکەی پێشکەوتنمانە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێمە هاوپەیمان بووین لە ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆریەت و تێکشکاندنی داعش، ئێستاش بەرەو ئاسۆیەکی نوێ و بەهێزی ئابووری و سەقامگیری لە پەیوەندییەکانمان دەڕوانین.

هەروەها لە دیدارەکەدا، ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا هاوبه‌شییه‌كی دوورودرێژی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌و هاوبه‌شییه‌ له‌سه‌ر به‌های هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و قوربانیدانی هاوبه‌ش و مێژووی هاوبه‌ش بونیاتنراوه‌.