ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە

ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر - وێنە: کوردستان24
ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتۆتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەتۆتەوە و هۆکاری ئاگرەکە روون نییە و تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئاگرەکە لە ناوەڕاستی بازاڕەکەیە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە داوای هاوکارییان لە تیمەکانی دیکە کردووە بەهۆی گەورەیی قەبارەی ئاگرەکە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی سووتان بەهۆی ئاگرەکەوە تۆمارنەکراوە و تەنیا بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە دوو کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات و چارەسەری پزیشکی پێویستیان بۆ دەکرێت.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە ئاشکرایکرد، ئاگرەکە لە کاتژمێر (7:23)ـی خولەکی ئێوارە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بە نزیکەیی 10٪ بۆ 15٪ بازاڕەکە سووتاوە و مەترسی تەشەنەکردنی ئاگرەکەش هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، تیمەكانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی لە ھەر دوو رووی شەقامی 100 مەتری و 40 مەتری ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن و دەیانەوێت رێڕەوی سەلامەت بۆ گەیشتن بە سەرچاوەی ئاگرەکە بکەنەوە تا بتوانن ئەو دوکان و کۆڵانەکانی دیکە لە سووتان بپارێزن.

بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، لە ماوەی رابردوو چەند رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی تێدا روویدا و بەشێوەیەکی مۆدێرن نۆژەنکرایەوە بەڵام ئەمشەو جارێکی دیکە ئاگرە لەو بازاڕە کەوتەوە.

بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر دەکەوێتە نێوان هەردوو شەقامی 40 مەتری و 100 مەتری لە شاری هەولێر سەدان دوکانی تێدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان تێیدا کارو کاسبی خۆیان ئەنجام دەدەن.