هاووڵاتییان سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا بە گرنگ دەزانن

K24 – هەولێر:

ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ واشنتن بە گرنگ دەزانن و دەڵێن: لەم كاتەدا ئەم سەردانە و دووپاتكردنەوەی پشتیوانی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان و مانەوەی قەوارەی دەستووری ئەو هەرێمە ھەنگاوێكی گرنگە و ئاسوودەییەك بە خەڵكی ھەرێمی كوردستان دەبەخشێت و پەیامێكیشە بۆ نەیارانی كورد.

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا بە کوردستان24ـیان راگەیاند، سەردانەکەی جەنابیان دەستکەوتێکی باشە بۆ نەتەوەی کورد، هەروەها ئەو پێشوازییەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ناوبراو خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی باش و گرنگە بۆ گەلی کورد.

هاوکات ئاماژەیان بەوەدا، کاتی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە و، تاکە ئومێد و هیوایە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کە چارەسەرێک بۆ کێشەکانیان بدۆزرێتەوە.

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان باسیان لەوەشکرد، لەم كاتەدا ئەم سەردانە و دووپاتكردنەوەی پشتیوانی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان و مانەوەی قەوارەی دەستووری ئەو هەرێمە ھەنگاوێكی گرنگە و ئاسوودەییەك بە خەڵكی ھەرێمی كوردستان دەبەخشێت و پەیامێكیشە بۆ نەیارانی كورد.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

رۆژی دووشەممە (26ـی شوباتی 2024) لە واشنتن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بیلنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نووسیویەتی: سوپاس ئەنتۆنی بلینکن بۆ پشتیوانیی بەردەوامتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هاوبەشییەکەمان کۆڵەکەی پێشکەوتنمانە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێمە هاوپەیمان بووین لە ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆریەت و تێکشکاندنی داعش، ئێستاش بەرەو ئاسۆیەکی نوێ و بەهێزی ئابووری و سەقامگیری لە پەیوەندییەکانمان دەڕوانین.

هەروەها لە دیدارەکەدا، ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا هاوبه‌شییه‌كی دوورودرێژی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌و هاوبه‌شییه‌ له‌سه‌ر به‌های هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و قوربانیدانی هاوبه‌ش و مێژووی هاوبه‌ش بونیاتنراوه‌.