سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەدواداچوون بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هەولێر دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر دەکات و پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بکەن.

ئەمشەو سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدواداچوونی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و دەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ هۆکارەکانی روودانی ئاگرەکە بکەن. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس و ئاسایش و هاتووچۆ و تەندروستی و شارەوانی کرد بۆ زوو گەیشتن بە شوێنی رووداوەکە و هەوڵەکانیان لە پێناو کۆنترۆڵکردنە ئاگرەکە و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان. ئامادەیی حکومەتیشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد کە هەرچی پێویست بێت لەمبارەیەوە ئەنجامی بدەن.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی کۆنترۆڵ کرا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان (10% بۆ 15%)ـی بازاڕەکە سووتاوە و گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێریش بە کوردستان24ـی راگەیاند: 18 تیم بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کرد و توانیویانە بە رێژەی 75% کەلوپەلی هاووڵاتییان لە بازاڕەکە لە سووتان بپارێزن.