زێلێنسکی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایش گەیشتە ئەلبانیا

ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاسایش، گەیشتە ئەلبانیا، کە بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا تاوتوێی هاوکارییەکانی ئۆکرانیا بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، ئیگلی حەسنی، وەزیری دەرەوەی ئەلبانیا رایگەیاند، کە ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانی بەشداری لە کۆنفڕانسی ئاسایش دەکات، ئاشکراشیکرد کە وڵاتەکەی "بەهۆی شەڕی رووسیاوە پەیوەندی لەگەڵ ئۆکرانیا وەستاوە".

ئەلبانیا میوانداری لوتکەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکات، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیاش بانگهێشت کراوە.

بڕیارە لەو لوتکەیەدا تاوتوێی زیادکردنی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەلبانیا هەوڵدەدات لەو رێگەیەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێ ئەوروپیەکانی بەهێزتر بکات.

سەرۆکی ئۆکرانیا لە چەند هەفتەی رابردوودا سەردانی زۆر وڵاتی کرد بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی هێزی وڵاتەکەی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بەدەست کەمی تەقەمەنی و چەکەوە دەناڵێنن، لەبەرامبەر پێشڕەوی هێزەکانی رووسیا لەسەر زەوی.

سەرەتای ئەم مانگە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئەلبانیای کرد کە لە ساڵی 2009ەوە ئەندامی ناتۆیە و پاڵپشتی سەربازی ئۆکرانیا دەکات و پێشوازی لە پەنابەرانی ئۆکراینی دەکات.

لە سەردانەکەیدا بلینکن ستایشی ناردنی تەقەمەنی و چەک و زریپۆشی ئەلبانیای بۆ ئۆکرانیا کرد.