ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا جەخت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆبوونەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایەگەیاند، لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتن، لەگەڵ سیناتۆر جاک رید و رۆجەر ویک کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هاوڕابووین لەسەر پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی پشتیوانیی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە.

راشیگەیاند، لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سیناتۆر جاک رید سەرۆکی لیژنەی هێزەچەکدارەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا و ژمارەیەکی سیناتۆری دیکە، جەختیان لەپاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە، لەکۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی کۆنگرێس، جەختییان لە رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووری هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.