ئەمەریکا و بەریتانیا سزای نوێ بە سەر سوپای پاسداران و حوسییەکان دەسەپێنن

K24 - هەولێر

ئەمەریکا و بەریتانیا سزای نوێ بە سەر فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و حوسییەکانی یەمەن دەسەپێنن و وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش دەڵێ، لەندەن و واشنتن لە هیچ هەنگاوێک سڵ ناکەنەوە دژی ئەوانەی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داهاتووە، بە هەماهەنگی ئەمەریکا پاکێجێکی نوێی سزایان بە سەر ئێران سەپاند، لە نێو سزادراوەکاندا، محەمەد رەزا فەلاح زادە، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، سەعید جەمال، سەرمایەداری نیشتەجێی ئێران، عەلی حسێن بەدرەدین حوسی، جێگری وەزیری دەرەوە و فەرماندەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی حوسییەکانی یەمەن هەن. جگە لەمانە سزاکە چەند کەسایەتیی و سەرمایەدارێکی دیکەی تێدایە، کە گەشتکردنیان بۆ بەریتانیا لێقەدەغەکراوە و بڕیاریشدراوە سەروەت و سامانەکانیان بلۆک بکرێت.

هەر لە سزاکاندا ئاماژە بە سێ یەکەی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کراوە، کە بەرپرسیارن لە گواستنەوە و بە قاچاخبردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە، لەگەڵ ئەو هێرشانەی لە نیمچە دوورگەی عەرەبیی و یەمەن بە تایبەتی دەکرێن، هەروەها باڵێکی دیکەی فەیلەقی قودس بە هۆکاری مەشق و راهێنان بە گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمەریکا و بەریتانیا.

هەردوو وڵاتی زلهێز هۆکاری سەپاندنی سزاکانیان گەڕاندووەتەوە، بۆ بەردەوامی هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکانی چەکدارە حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی لە دەریای سوور.

لەلایەن خۆیەوە دێیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، هێرشی حوسییەکان بە پشتیوانیی ئێران جێگەی قەبوڵ نییە، کردەوەیەکی نا یاساییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ژیان و گیانی خەڵکی بێتاوان و ئازادی دەریاوانی.

کامیرۆن دەڵێ "بە وەزیری دەرەوەی ئێرانم گوتووە، تاران بە هۆکاری پشتیوانیکردن لە حوسییەکان، بەرپرسیارە لە هێرشی چەکدارە حوسییەکان.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریداوە، هەموو ئەوانەی لە ناوچەکە هەوڵی ناسەقامگیری دەدەن، دەبێت باش بزانن بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لە هیچ هەنگاوێک سڵ ناکەنەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە دووەمین پاکێجی سەپاندنی سزایە بە سەر بەرپرسە دیارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارە حوسییەکانی یەمەن، بەهۆکاری هێرشەکانی دەریای سوور.

هەروەها حکومەتی بەریتانیا تاوەکوو ئێستا نزیکەی 400 کەسایەتی و ناوەند و دامەزراوەی فەرمی ئێرانی خستووەتە لیسی سزاکانییەوە، کە زۆرینەیان بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانن، بەڵام  هێشتا بڕیاری نەداوە سوپای پاسداران وەک رێکخراوەیەکی تیرۆریستی بناسێنێت.