بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی یانە شەوانەکان ناڕەزایەتی لێ دەکەوێتەوە

بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی یانە شەوانەکان ناڕازیەتیی لێ دەکەوێتەوە
بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی یانە شەوانەکان ناڕازیەتیی لێ دەکەوێتەوە

K24 - هەولێر

بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرجەم یانەکانی شەوانە لە عێراق داخران. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆش رایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی پلانێکی نوێیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر.

ژمارەیەک هونەرمەند، میوزیكژەن و خاوەنی یانەکانی شەوانە له گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدا ناڕەزایەتییان لە دژی بڕیارەکە دەربڕی.

گۆرانیبێژی ناسراوی عێراقی محەممەد رەحال و چەند گۆرانیبێژێکی دیكە داوا لە وەزارەتی ناخۆی عێراق دەکەن یانەکانیان بۆ بکەنەوە کە ماوەی هەفتەیەکە داخراون بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکان و نەبوونی مۆڵەت و گومانی هەبوونی ماددەی هۆشبەر.

محەممەد رەحال دەڵێت، "هیچ بیانوویەک نییە بۆ داخستنی یانەکان. هەر هۆڵێک کێشەی دروستکردووە یان شتێک روویداوە، دەبێت هۆشداری پێبدرێت و بەڵێننامەی پێ پڕبکرێتەوە. ئەگەر پابەند نەبوو دواتر دەبێت دابخرێت، بەڵام ئەوان لە پڕێک هاتن و یانەکانیان داخست تا ئـێستا نازانین هۆکار چییە و کێ بڕیارەکەی داوە".

گۆرانیبێژ یەحیا قەیسیش باس لەوە دەکات،  "بیانووی داخستنی یانەکان نەبوونی مۆڵەتە. پێشتر هەوڵماندا مۆڵەت دەربکەین، بەڵام تۆمارکردنی مۆڵەت ڕاگیراوە. ئێمەی هونەرمەندان و میوزیكژەنان هیچ کارێکی دیكە نازانین بۆیە داوا دەکەین یانەکانمان بۆ بکەنەوە، ئەگەر نەیکەنەوە ناچارین وڵات جێبهێڵین".

لە چوارچێوەی پلانێکی نوێدا، وەزارەتی ناخۆی عێراق رایگەیاندووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر ماوەی هەفتەیەکە ڕێکارە ئەمنییەکانیان توندکردووە. لە قۆناغی یەکەمدا بەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سنوورەکانیان تۆکمەکردووە و لە ناوخۆشدا سەرجەم یانەکانی شەوانەیان داخستووە. هاوکات دادگاکان بڕیاریان دەرکردووە بۆ لەسێدارەدانی 11 بازرگانی ماددەی هۆشبەر و بەندکردنی هەتاهەتایی بۆ 26 کەسی دیكە کە لە ئەمساڵدا دەستگیرکراون.

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 250 کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەراگیراوە. 200 هەزار دەنکە حەبیش لە جۆری کیپتاگۆن دەستی بەسەرداگیراوە. هەروها لە ساڵی 2023  بە بڕیاری دادگا، 1110 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. هاوکات 119 دەمانچە، 54 کلاشینکۆف، 25 رومانە و 225 ئۆتۆمبێلیش دەستی بەسەردا گیراوە کە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بەکاریان هێناون".