کۆشکی سپی وەڵامی فەرەنسا دەداتەوە

باڵەخانەی کۆشکی سپی
باڵەخانەی کۆشکی سپی

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمەریکا هێزی سەربازی بۆ شەڕکردن نانێرێتە ئۆکرانیا، ئەم گوتەیەی کۆشکی سپی دوای لێدوانێکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هات، کە رەتی نەکردەوە هێزی رۆژئاوایی رەوانەی ئۆکرانیا بکرێت.

ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا روونی کردۆتەوە کە ئەمەریکا هێزی سەربازی بۆ شەڕکردن نانێرێتە ئۆکرانیا".

واتسۆن گوتیشی: بایدن پێی وایە رێگای سەرکەوتن ئەوەیە کە کۆنگرێس ئەو یارمەتییە سەربازییە هەڵپەسێردراوانە پەسەند بکات، بۆ ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا ئەو چەک و تەقەمەنیانە بەدەستبهێنن کە پێویستیان پێیە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر هێزەکانی رووسیا.

جۆن کیربی، هەماهەنگی کاری ئاسایشی ئەمەریکا بۆ پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەربازانی ئەمەریکا تەنیا لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ هەن، ئەوانیش کارێکی گرنگ ئەنجام دەدەن کە پەیوەستە بە چاودێریکردنی ئەو چەکانەی کە بۆ ئۆکرانیا دابین دەکرێن.

کیربی ئەگەری ناردنی هێزی ئەمەریکا بۆ پاککردنەوەی مین و بەرهەمهێنانی چەک یان ئەنجامدانی کردەی ئەلیکترۆنی 'سیبیرانی'  رەتکردەوە، بەپێی ئەوەی ستیفان سیگۆرنێت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی پێکردووە، سەبارەت بە ئەرکەکانی ئەو هێزە رۆژئاواییانەی کە رەنگە بنێردرێنە ئۆکرانیا.

سیگۆرنێت دەشڵێت: ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا بڕیارێکی سەروەری دەبێت بۆ فەرەنسا یان هەر وڵاتێکی دیکەی ناتۆ.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن، رەتیکردەوە دەنگ لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەیەک بدات کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا داوای کردبوو بۆ تەرخانکردنی نزیکەی 60 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا.