راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەت: ئەمەریکا بە پێویستی دەزانێت نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی باڵای واشنتن جەخت لە پێویستی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەکەنەوە.

لەبارەی دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای واشنتن، بەیانی سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەکوردستان24ـی راگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەگەرمی پێشوازی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردووە، کۆبوونەوەکەی نێوانیان زۆر باش بوو و چەندین بابەتیان تاوتوێکردووە؛ لەنێویشیاندا، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی نەوت و وزە".

بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا جەخت لە پێویستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەکەنەوە، "چونکە پەیوەندی بە بازاڕی وزەی جیهانییەوە هەیە".

 

 

کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا

ئێوارەی رۆژی شەممە، 24-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

رۆژی دووشەممە، 26-02-2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە".

هەر لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتن؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگر، بریکار و یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و دۆخی شنگال، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی کەرتی وزەیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.

لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لە گرنگی هاوبەشییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە".

ماتیۆ میلەر باسی لەوەشکرد: "وەزیری دەرەوە، بلینکن پشتیوانی خۆی بۆ هەماهەنگی بونیادنەرانە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکگرتووییەکی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ بەهێزترکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ماتیۆ میلەر روونیکردەوە: "ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە، چەند جارێکی دیکەش کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە. دەمانەوێت ئەو گفتوگۆیانەی هەمانبووە بەردەوامی پێبدەین".

یاداشتەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

لەمیانی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەفتەری یاداشتەكانی یادگاریی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، چەند دێڕەکی نووسی.

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران 

رۆژی سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا و سێناتۆر رۆجەر ویکر ئەندامی باڵای لیژنەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنیی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە .