بەهۆی سەرماوە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە دەروازەی سنووری کێلێ راگیرا

دەروازەی سنووری کێلێ لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان
دەروازەی سنووری کێلێ لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان

K24 – هەولێر

مەجید غولامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووری کێلێ رایگەیاند، بەهۆی رزیان و سەرماو بەستنی رێگەکان ئاڵۆگۆڕە بازرگانییەکان لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستن راگیراوە.

غولامنەژاد بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندووە، زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی سەرماو بەستنی رێگاکان، هیچ بارهەڵگرێک لە هەردوو بەری سنوورەکە لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە لە دەروازە سنوورییەکە بارەکانیان ئاڵوگۆڕبکەن، بەم هۆیەوە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەم سنوورە بە تەواوی راگیراوەو پەکیکەوتووە.

بەگوتە بەڕێوەبەری گومگری دەروازەی کێلێ لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژانە زیاتر لە 180 بارهەڵگر بە باری جیاوازی کەلوپەلی بیناسازی، ئاسن، بەرهەمی وشکە و میوەو پلاستیک بۆ هەناردەکردنی کاڵاکانیان بۆ هەرێمی کوردستان روو لە بازاڕچەی کێلێ دەکەن، بەڵام ئەمە دوو رۆژە سەرمایەکی توند رێگرە لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان.

گوتیشی؛ سەرماکە کاریگەری کردووەتە سەر هاتن و چوونی گەشتیاریش هەبووە و هیچ گەشتیارێک لە هەردوو بەرەی سنوورەکەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن.

دەروازەی سنووری کێلێ لە ئابی 2019ـەوە بە فەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە، کە قەڵازێ و سەردەشت بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بازاڕچەکەشی دەرفەتی کارکردنی بۆ سەدان هاووڵاتیی لە هەردووی کوردستان رەخساندووە.