ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا: خۆشحاڵین بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن

کریس ڤان هۆڵن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا
کریس ڤان هۆڵن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەڵێت، دڵنیایە لەوەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن سەرکەوتوو دەبێت. جەختیشی کردەوە، دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەن.

کریس ڤان هۆڵن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن؛ بە کوردستان24ـی راگەیاند، "خۆشحاڵین بە پێشوازیکردن لە مەسرور بارزانی لە واشنتن. چانسی ئەوەم هەبوو گفتوگۆی لەبارەی چەند بابەتێکەوە لەگەڵ بکەم. دڵنیام سەردانەکەی بەڕێزییان زۆر سەرکەوتوودەبێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "گومانی تێدانییە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگن و چاویشمان لەوەیە زیاتر بەرەو پێشیان ببەین".

 

 

کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا

ئێوارەی رۆژی شەممە، 24-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

رۆژی دووشەممە، 26-02-2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە".

هەر لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتن؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگر، بریکار و یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و دۆخی شنگال، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی کەرتی وزەیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.

لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لە گرنگی هاوبەشییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە".

ماتیۆ میلەر باسی لەوەشکرد: "وەزیری دەرەوە، بلینکن پشتیوانی خۆی بۆ هەماهەنگی بونیادنەرانە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکگرتووییەکی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ بەهێزترکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ماتیۆ میلەر روونیکردەوە: "ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە، چەند جارێکی دیکەش کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە. دەمانەوێت ئەو گفتوگۆیانەی هەمانبووە بەردەوامی پێبدەین".

یاداشتەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

لەمیانی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەفتەری یاداشتەكانی یادگاریی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، چەند دێڕەکی نووسی.

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران 

رۆژی سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا و سێناتۆر رۆجەر ویکر ئەندامی باڵای لیژنەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنیی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە.