دانا نەقی: ئەمەریکا دەیەوێت هاوپەیمانییەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامی پێبدات

دانا نەقت، شرۆڤەکار
دانا نەقت، شرۆڤەکار

K24 – هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، ئەمەریکا دەیەوێت هاوپەیمانییەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەردەوامی پێبدات و ستراتیژی هەرێمی کوردستان لە نێو عێراقدا بیپارێزێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە،28ـی شوباتی 2024، دانا نەقی، شرۆڤەکاری سیاسی لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەم سەردانەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرنگی خۆی هەیە، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان رووبەرووی گەمارۆی سیاسی و ئابووری بووەتەوە، هەنگاو دەنرێت بۆ ئەوەی لە رووی سەربازی شەوە دوور بخرێتەوە.

بەگوتەی ئەو شرۆڤەکارە: بە بڕوای من "سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمەریکا فرە رەهەندە بۆ هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیرانیش، ئەمەریکا دەیەوێت هاوپەیمانییەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەردەوامی پێبدات، هەر وەک لە پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوو پەیامی هەبوو یەکەمیان؛ ئەمەریکا جەختی لەسەر کردەوە وەک هاوپەیمانی ستراتیژ سەیری هەرێمی کوردستان دەکات لە نێو عێراقدا و دەیەوێت بیپارێزێت. دووەمیان؛ کوردستان بۆ ئەمەریکییەکان گرنگە. داوای ئەوەشی کرد کە هێزە سیاسییەکان بە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی یەکگرتوو بن. بۆ ئەو ئالەنگارییانەی کە لە داهاتوودا رووبەڕوویان دەبێتەوە".

دانا نەقی گوتیشی: "هاوپەیمانییەتی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان فرە رەهەندە. رەهەندەکانیشی سیاسییە، سەربازییە، ئابوورییە. هەروەک دەبینین ئەو شاندەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانە تێکەڵەیەک لە کابینەکەی پێکهاتووە، لە سەروی هەمووشییەوە سەربازی".

راشیگەیاند، حکومڕانی هەرێمی کوردستان، بۆ دووبەشی سەرەکی دەگەڕێتەوە، ئەمەریکا لە ناوەڕۆکی بەڕێوەبەردنی کوردستان ئاگادارە لە کاتی ئازادبوونی عێراقدا و دوای ئازاد بوونی عێراقیش، پێش ئازادی عێراق ئەوە دیفاکتۆیەک بوو کە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنرێ بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی. گرنگترین شت کە ئەمەریکا دەیەوێت لە ئێستادا مانەوەیە لە هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.