کاسبکارێکی لەنگە: سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکەین کە بڕیاریداوە قەرەبوومان بکاتەوە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە زۆر گەورە بووە، هەروەها زیانێکی زۆری ماددی بە دوکانداران گەیاندووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە زۆر گەورە و خێرا بووە کە لە توانایدا هەبووە بەیەک خولەک دوو دووکان ببڕێت، هەروەها زیانێکی زۆری ماددی بە دوکانداران گەیاندووە.

گوتیشی: ئێمە لە راپۆرتێکدا زیانەکانی ئەو دوکاندارانە تۆماردەکەین کە بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. سەربارەت بە هۆکاری ئاگرەکە لێکۆڵینەوە دەکەین دواتر دەیخەینە روو.

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی بازاڕی لەنگە بە کورستان24ـی راگەیاند، تیمی بەرگری شارستانی زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و کەموکوڕیان نەبوو، دەشڵێت: تەنیا ئاگرکوژێنەوەکانی ناو لەنگە کاری کردبوایە ئەو کارەساتە رووی نەدەدا.

باسی لەوەشکرد، "ئێمە سوپاسی ئاسایش و پۆلیس و بەگری شارستانی دەکەین کە تاوەکو بەیانی پاسەوانیان لەو شوێنە گرتووە"، گوتیشی: "سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکەین کە بەڵێنی پێداوین قەرەبومان بکاتەوە"، هیواداریشم زوو بێنە سەر خەت چونکە ئەو خەڵکە زۆرینەی کرێچییە، بۆیە چەند زوو بێنەوە سەرکار باشە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دووکانانەی سووتاون لەنێوان 180 دوکان تاوەکو 220 دووکانە، پێم وایە زەرەرمەندی گەورە 200 دووکان بووە، چونکە 30 تا 40 دووکانیش کۆگا بووە.

یەکێکی دیکە لە خاوەن دووکانەکانی ناو بازاڕی لەنگە گوتی: "ئەمە دووەمجارە دووکانم دەسوتێت، جاری پێشووش دوو دەفتەر دۆلارم زەرەر کرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا خۆمان سەلامەتین".

هاووڵاتییەکی دیکە کە کاتژمێر فرۆش بووە، دەڵێت: "من کاتژمێر دەفرۆشم، بەهای کەل و پەلەکانم سێ دەفتەر دۆلار بووە هەمووی سووتاوە، ئەوەشی دەرچووە تاڵان کراوە"، گوتیشی: خەلکی بێگانە دەهاتن تاڵانیان دەکرد، بەڵام ئەوانەی هاوکارمان کەس وکاری خۆمان بوو.

کاسبکارێکی دیکەی ناو بازاڕی لەنگە، رایگەیاند، "ئێمە هێشتا قەرەبووی جاری یەکەممان وەرنەگرتووە ئەوەشی هاتە سەر، بۆیە داواکارم لە حکومەتی هەرێمی دەزگای خێرخوازی بارزانی و خێرخوازان کەمپینێک رابگەیەنن کە هەر هێچ نەبێت هەندێک قەرەبوومان بکەنەوە تاوەکو دووکانەکانمان چاک بکەینەوە".  

شەوی رابردوو (27ـی شوباتی 2024) ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و تاوەکو ئێستاش هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام زیانێکی زۆری ماددی بەر دووکاندارەکان کەوت.