قەتەر بە بەهای 10 ملیار یۆرۆ وەبەرهێنان لە فەرەنسا دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا - تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر – خانمی یەکەمی فەرەنسا - وێنە AFP
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا - تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر – خانمی یەکەمی فەرەنسا - وێنە AFP

K24 – هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند رێککەوینێکی لەگەڵ میر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر واژۆکردووە، کە بەهاکەی 10 ملیار یۆرۆیە و قەتەر پابەند دەکات بە کاری وەبەرهێنان لە فەرەنسا.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ماکرۆن رایگەیاندووە، دوێنێ سێشەممە لە کاتی ئێوارە خوانێکدا، کە لەلایەن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر رێکخرابوو، رێککەوتنەکەیان واژۆکردووە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە قەتەر تاوەکوو ساڵی 2030 بە بەهای 10 ملیار یۆرۆ وەبەرهێنان لە چەند پرۆژەیەکی جیاوازی کەرتی ئابووری فەرەنسا دەکات.

بەگوتە ماکرۆن، رێککەوتنەکە کاری وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە، پەیوەندییەکان و گواستنەوە، پیشەسازی ئاسمانیی و بۆشاییگەڕ، زیرەکی دەستکرد دەگرێتەوە، جگە لەمانەش لە کەرتەکانی تەندروستی و رۆشنبیریشدا چەند پرۆژەیەک جێبەجێ دەکەن.

ریشەی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و قەتەر بۆ ساڵی 1971 دەگەڕێتەوە دوای ئەوەی قەتەر سەربەخۆیی خۆیی بەدەستهێنا و سەرەتای پەیوەندییەکانیشیان لە لایەنی ئەمنی و وزەوە دەستپێکرد، بە گوێرەی ئامارەکانی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوەکوو 2021 زیاتر لە 1.6 ملیار یۆرۆ بووە، بەمەش قەتەر لە ریزبەندی چوارەم وڵاتەوە دێت لە بەهێزی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ فەرەنسا.