شرۆڤەکارێکی سیاسی: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا بەرهەمی کۆمەڵێک پەیوەندی بەهێزە لەسەر ئاستی جیهان

پ. شێرزاد سلێمان، مامۆساتی زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی
پ. شێرزاد سلێمان، مامۆساتی زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رای گەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا، بەرهەمی کۆمەڵێک پەیوەندی بەهێز و تۆکمەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی جیهان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، پ. شێرزاد سلێمان، مامۆساتی زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، لە چەند رەهەندێکەوە گرنگی خۆی هەیە، ئەگەر باسی رەهەندە گرنگەکانی ئەو سەردانە بکەین، ئەو سەردانە بەرهەمی کۆمەڵێک پەیوەندی بەهێز و پتەو تۆکمەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی جیهان.

بەگوتەی ئەو شرۆڤەکارە: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە دیپلۆماسییەتی گرنگ لەسەر ئابووری لە داڤۆس دەستیپێکرد، لەوێوە کۆڵەگە بەهێزەکانی ئابووری کوردستان بەڕووی جیهان و بە شێوەیەکی گشتی ئەمەریکا خۆی نواند، رەهەندێکی دیکە بەشداری کردنی هەرێمی کوردستان لە ئاسایشی میونشن، لە وێشدا دیپلۆماسییەتی ئاسایش پێگەی کوردستان لە رووی ئاسایش و بەهێزکردنی کۆڵەگەکانی ئاشتی و ئاسایش لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدیار کەوت.

شێرزاد سلێمان گوتیشی: "ئەو سەردانەی  سەرۆکی حکومەت کردی بۆ ئیمارات لەسەر ئاستی حکومەتەکان وەکو هەرێمێک ئەگەر سەیر بکەین، تاکە هەرێم بووە لەسەر ئاستی وڵاتان بەشداربوو، کە جۆرێک لە حکومڕانی رەشیدی پێدەگووترێ، وێڕای ئەو هەموو ئالەنگارییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە لەگەڵ ئەو قەیرانانەی بۆی دروستکرا، توانیوویەتی بەشێوەیەکی لۆژیکی و عەقڵانی خۆی لەگەڵ بگونجێنێت. تا رادەیەکی باشیش بە کەمترین زیان لێی دەربچێت".

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.