چواس حەسەن: بانگهێشتکردنی مەسرور بارزانی لەلایەن ئەمەریکا پەیامێکە بۆ وڵاتان

د. چواس حەسەن، ئەکادیم و مامۆستای زانکۆ
د. چواس حەسەن، ئەکادیم و مامۆستای زانکۆ

K24 – هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ رایگەیاند، دیاری کردنی ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا پەیامێکە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەشێوەیەکی گشتی  بەتایبەت بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، د. چواس حەسەن، ئەکادیم و مامۆستای زانکۆ، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، کاتی بانگهێشتکردنی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمەریکا کاتێکی زۆر گرنگ و باشبوو، چونکە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ململانێیەکی زۆر هەیە، چاو پێکەوتنەکان و بینینەکان زۆر بە وردی هەڵدەسەنگێندرێن و ناوەڕۆکەکانیان زۆر بە وردی لێکدەدرێتەوە.

چەواس حەسەن دەڵێت: "بانگهێشتکردنی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا کە رەنگە ئەمەریکا خۆی بپارێزێت لە بینینی هەندێک سیاسەتمەدار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم بینینە گرنگی زۆری هەیە، بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لەلای نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کێشمە کێشمەکانی ناوچەکەدا بەگشتی و ئینجا لەناو عێراقیشدا".

بەگوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ: "دەتوانین بڵەین دیاری کردنی ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا پەیامێکە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەشێوەیەکی گشتی بەتایبەت بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەرێمی کوردستان لە ستراتیژی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیچ جیاوازییەکی نییە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە لەمەوبەر لەلایەن وڵاتی ئەمەریکا جێگای بایەخ و پشتیوانی بووە شانبە شان کارین کردووە".

چواس حەسەن راشیگەیاند، لە گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاشدا، ئەوە روونکراوەتەوە ئەگەر بانگهێشتکردنەکە بۆ شتێکی دیکە بووایە، دەکرا لە رێگای باڵیۆزی ئەمەریکاوە لە عێراق و کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستاندا بە تەلەفوون ئەوە بکرێت. بەڵام بانگهێشتەکە مانای ئەوەیە کە پێگەی هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی زۆرباش و گەورەدایە، لە گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا زۆر تیشکی لەسەر داهاتوو دەکردەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستانی هێنایە ئاستی هاوپەیمانییەتێکی ستراتیژی نزیک لە ئەمەریکا. دووپاتیشیکردەوە کە هەرێمی کوردستان شانبەشانی ئەمەریکا ئالەنگارییەکانی بڕیوە بە هەمان شێوەی شانبەشانی یەکتر رووبەڕووی ئالەنگارییەکانیش دەبنەوە لە داهاتوو.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.