ئارام رەسووڵ: عێراق ناتوانێت سەروەری خاکەکەی بپارێزێت

ئارام رەسووڵ، شرۆڤەکاری سیاسی
ئارام رەسووڵ، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، ئەمەریکا بە ئاسانی لە عێراق ناکشێتەوە و هەڵەکەی ساڵی 2011 دووبارە ناکاتەوە. هاوکات دەڵێت: عێراق ناتوانێت سەروەری خاکەکەی بپارێزێت.

ئارام رەسووڵ، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانج لە دروستکردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ جێبەجیکردنی ئەجێندایکە کە لە دەرەوەی عێراقدا دادەنرێت، ئامانجیشیانی ئەوەیە هەژموونی ئەمەریکا لە عێراق کەمبکەنەوە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەڵێت: کاتێک ئەمەریکا لە ساڵی 2011 لە عێراق کشایەوە بۆشاییەکی زۆری ئەمنی دروستبوو، بینیمان لە 2014 کە چۆن رێکخراوی تیرۆرستی داعش سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرت و بەشێکی خاکی عێراقی داگیرکرد، هاوکات بووە مەترسی بۆ سەر هەوموو جیهان.

ئارام رەسووڵ، ئاماژەی بەوەدا، عێراق لە ئێستادا لەو ئاساتە پێویستەدا نییە کە بتوانێت خۆی بپارێزێت لە هێرشی گرووپە تیرۆرستییەکان، بۆیە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بۆ ئەو وڵاتە گرنگە، چونکە عێراق ناتوانێت سەروەری خاکەکەی بپارێزێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، باسی لەوەشکرد، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کارێکی هێندە ئاسان و نییە و ئەمەریکا ئامادەنییە لەسەر داوای لایەنێک لەو وڵاتە بکشێتەوە، هەروەها ئامادەش نییە هەڵەکەی ساڵی 2011 دووبارە بکاتەوە.

ئارام رەسووڵ، لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ رادیۆی مۆنتی کارلۆ، ئارام رەسووڵ، گوتی: هۆشدارییەکانی سەرۆک بارزانی لەمیانەی چاوپێکەوتەنەکەدا لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە عێراق بەرەوپێش بچێت.

گوتیشی: هەر کاتێکیش عێراق گوێی لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانی نەگرتبێت هەمیشە لە پاشەکشەکردندابووە.

سه‌رۆك بارزانی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی رادیۆی "مۆنتی كارلۆ"ـی فه‌ره‌نسیدا كه‌ رۆژی (سێشه‌ممه‌ 27ـی شوباتی 2024) بڵاوبووه‌وە، رایگه‌یاند، دیموكراسی له‌ عێراق له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ ئه‌وان به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ نیگه‌رانن.

سه‌رۆك بارزانی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی سیاسی كه‌ ئیئتیلافی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر پێكهاتووه‌. سه‌رۆك بارزانی له‌و باره‌یه‌وه‌ چه‌ند لایه‌نێكی ناوخۆ و ده‌ره‌كی به‌ دروستكردنی ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م كاری حكومه‌تی فیدڕاڵی تۆمه‌تبار ده‌كات.