پارێزگای هەولێر لەبارەی سووتانی بازاڕی لەنگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پارێزگای هەولێر
پارێزگای هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئاگرەکەی لەنگە ئاگرێکی ئێجگار گەورەبوو، کۆنترۆڵکردنی ئاسان نەبوو، هەروەها جگە لە زیانی ماددی زیانی گیانی نەبوو، پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێژنەیەک بۆ بەدواچوون لە هۆکاری ئاگرکەوتەنەوەکە پێکهێندراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (28ـی شوباتی 2024) پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا بە هەوڵی ئەفسەر و کارمەندانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەکۆی (2400) دووکان (166) دووکانی بازاڕەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی (90) کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاووڵاتییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، بەشێکیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە چارەسەرکران و (24) کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و رەوانەی ماڵەوە کرانەوە.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە، ئاگرێکی ئێجگار گەورەبوو بە بەرزی زیاتر لە سێ مەتر و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبوو، هەموو هەوڵێکی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی تریش بۆ ئەوە بوو ئاگرەکە کەمترین زیانی هەبێت و کەلوپەلی کاسبکاران لە سووتان رزگار بکرێت، هاوکات لەو کارەساتەدا جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

پارێزگای هەولێر کاسبکاران و هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لە سەر فەرمان و راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە.

باس لەوەشکرا، هەر ئەمڕۆ دوای خەمڵاندنی زەر و زیانی بازاڕەکە لەلایەن لیژنەکانەوە تەواوی بازاڕەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی پاککرایەوە.